کۆشکی سپی: ئەمریکا لە هێرش بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز بەشدار نەبووە ئێران

نوچه‌نێت

ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئەو وڵاتە لە هێڕش بۆ سەر سیستەمی کارەبای دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز بە هیچ جۆرێ بەشدار نەبووە. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن موساد و ئیسرائیل بەرپرسیاری ئەنجامدانی ئەو هێرشەن.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، دوو ڕۆژ دوای هێرش بۆ سەر سیستەمی گواستنەوەی کارەبای بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، کۆشکی سپی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردنەوە کە گوایە ئەمریکا لەو هێرشەدا دەستی هەبووبێت.

پێشتر نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا کە سەبارەت بە ڕووداوەکەی نەتەنز بڵاوی کردبووەوە، بە گەڕانەوە بۆ دوو سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکیی و ئیسرائیلی بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی خستبووە ئەستۆی ئیسرائیل.

جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ١٢ نیسان، لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتی کردووەتەوە ئەمریکا بە هیچ جۆرێک دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز.

جین ساکی لەو کۆنفڕانسەدا خۆی بوارد لەوەی سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسرائیل لەو پەلامارە بۆ سەر بنکەی نەتەنز هەڵوێست بگرێت.

ساکی وتی، "ئێمە سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە یان ئەنجامەکانی هیچ قسەیەکمان بۆ گوتن نییە".

بەرپرسانی ئێران بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل.

گوتەبێژی کۆشکی سپی هاوکات خۆی بوارد لەوەی سەبارەت بە کاریگەری ئەو هێرشە لەسەر گفتوگۆکانی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی قسە بکات.

بڕیارە کۆبوونەوەکانی نوێنەرانی سیاسیی وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەمە ١٤ی نیسان هەمدیسان دەست پێ بکه‌نەوە.  

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین