ئێران هێرشکردنە سەر کەشتی بازرگانی کەناراوەکانی هیندستان رەتدەکاتەوە ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆڵی تاران لە هێرشی بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کەناراوەکانی هیند رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بانگەشەکانی ئەمریکا لەم بارەیەوە رەتکراوە و بێ بەهان.

رۆژی دووشەممە (25/ کانونی یەکەم/ 2023) العربیە، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ناسر کەنانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رۆڵی تارانی لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کەناراوەکانی هیند رەتکردەوە و رایگەیاند "بانگەشەی ئەمریکا لەم بارەوە رەتکراوە و بێ بەهایە".

لە کاتێکدا، پنتاگۆن رۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو درۆنەی کە رۆژی شەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگری هەڵگری ماددە کیمیایی لە کەناراوەکانی هیند کردە ئامانج، "لە ئێرانەوە هەڵدراوە". 

ئەمە یەکەمجارە، کە پنتاگۆن بە ئاشکرا ئێران تۆمەتبار دەکات، بەوەی کەشتیەکان دەکاتە ئامانج لەو کاتەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد، بۆ ئەوەی بتوانێت حەماس بنەبڕ بکات.

عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی شەممە، راستی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکای لە دژی تاران رەتکردەوە، کە دەستی هەبووە لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەڵێت، کە ئەمانە لەسەر بڕیاری خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. بەڵام پێش باقری، محەمەدرەزا نەقدی، جێگری سوپای پاسداران، هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە ئەگەر ئیسرائیل شەڕی حەماس رانەگرێت، رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی دیکەش دادەخرێن.

حوسییەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە هێرشەکانیان ئەو کەشتیانە دەکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، بە مەبەستی "پشتیوانی گەلی فەلەستین".

لەگەڵ بەردەوامی پەککەوتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا پێکهێنانی هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی زیاتر لە 20 وڵاتی بۆ پاراستنی کەشتییەکان راگەیاند.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین