سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات ئێران

نوچەنێت:

میدیاکانی ئێران هەواڵی کوژرانی سەید ڕازی موسەوی، فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سوپای پاسدارانیان لە "هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل" بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا بڵاوکردەوە و سوپای پاسداران و سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشە تۆڵەکردنەوە دەکەن.

رۆژی سێشەممە (26/ کانونی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە (دوێنێ)، میدیاکانی ئێران هەواڵی کوژرانی سەید رەزی موسەوی، فەرماندەیەکی باڵای هێزی قودسی سوپای پاسدارانیان لە "هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل" بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا بڵاوکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا رایگەیاندووە، ئەو یەکێک بووە لە راوێژکارانی هێزی قودسی سوپای پاسداران، کە لە بواری "پشتیوانیکردنی میحوەری بەرگری لە سووریا" کاری کردووە.

بەرپرسان و میدیاکانی ئێران، میلیشیاکانی سەربە ئێران بە "میحوەری خۆڕاگری" دەناسێنن و هەمیشە وەک "راوێژکاری سەربازی" ئاماژە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی خۆی لە سووریا دەکات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، رەزی موسەوی، یەکێک بووە لەو راوێژکارانەی سوپای پاسداران کە ماوەیەکی زۆرە لە سوریا و "یەکێک لە هاوەڵانی" قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران، کە لە هێرشێکی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە لە ناوچەی زەینەبیە لە دیمەشق کوژرا. 

میدیاکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی نووسیویانە کە رەزی موسەوی لە ساڵانی 1991ەوە "بەرپرسی پشتیوانی و لۆجستیکی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا" بووە و رۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا بووە.

حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا وردەکارییەکانی چۆنیەتی کوژرانی ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی ئاشکرا کردووە و راگەیاندووە، موسەوی لە باڵیۆزخانە بووە لە دیمەشق تا کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە و "دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی بۆ ماڵەکەی خۆی رۆیشتووە و کاتژمێر 16:10، لە شوێنی نیشتەجێبوونی بە سێ موشەک لەلایەن ئیسرائیلەوە لێیدراوە و کوژراوە.

بە گوتەی باڵیۆزی ئێران، ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران کاتێک کراوەتە ئامانج "لە ماڵەوە بە تەنیا بووە" و "هاوسەرەکەی وەک مامۆستا لە قوتابخانە بووە".

لە کاردانەوە بە کوشتنی ئەم فەرماندەیە، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە "بێ گومان ئیسرائیل باجی ئەم تاوانە دەدات".

سوپای پاسداران هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم فەرماندەیەی بە "هێرشی مووشەکی ئیسرائیل" راگەیاند و بە فەرمی وەک "بەرپرس لە پشتیوانیکردنی بەرەی خۆڕاگری لە سووریا"ی ناساند.

هەروەها ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا ئەم کارەی بە "نیشانەیەکی دیکەی بێهیوایی و بێدەسەڵاتی و بێ توانایی ئیسرائیل" ناوبرد و دەڵێت، کە ئەم وڵاتە "بە دڵنیاییەوە باجی ئەم تاوانە دەدات".

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئەمنی بڵاویکردەوە، "سەید رەزی موسەوی" نازناوی ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران بووە و بەرپرسی هەماهەنگی سەربازیی نێوان تاران و دیمەشق بووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین