لە هەرێمى كوردستان كێشانى جگرەى ئەليكترۆنى لەناو منداڵان زيادى كردووە تەندرووستی

نوچەنێت

لە هەرێمى كوردستان دياردەى كێشانى ڤەيپ، ياخود جگرەى ئەليكترۆنى لە ناو منداڵان بە شێوەيەكى بەرچاو زيادى كردووە، ئەوەش زيانى گەورەى بۆ سەر تەندرووستى منداڵان دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28/ كانوونى يەكەم/2023) ماڵپەڕى رووداو لە راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووە، كە دياردەى ڤەيپێكشان لەناو منداڵان بەشێوەيەكى مەترسيدار زيادى كردووە، لە بەشێكى ئەو راپۆرتە هاتووە، مێرمنداڵێکی تەمەن (17 ) ساڵ ماوەی ساڵێکە فێری ڤەیپکێشان بووە، ئەو و هاوڕێ (14) ساڵانەکەی دوو لەو دەیان مێرمنداڵانە بوون سەردانى دووكانى فرۆشتنى ڤەیپيان كردووە و  داوای جۆرەکانی ڤەیپیان کردووە.

يەكێك لەو  مێرمنداڵە ڤەیپکێشەکە قسەی کرد و باس لەوە دەکات، ماوەی ساڵێکە و لە هاوڕێکانییەوە فێری ڤەیپکێشان بووە، ئەو گوتويەتی "لە مارکێت هەیە و لە هەندێک شوێن کە تایبەتن بە نێرگەلە دەیکڕم. من بۆ خۆم زیاتر لەو شوێنانەی تایبەتن بە ڤەیپ و نێرگەلە ڤەیپ دەکڕم. لە مارکێتیش دەیکڕم و ئاسان دەمدەنێ، پرسیارم لێناکەن و هەر بە ئاسایی دەمدەنێ."

سەبارەت بە هۆى زيادبوونى ئەو دياردەيەش  ئەو خاوەن دووکانێكی نێرگەلە دەڵێ "بێ سانسۆری ئەو وڵاتەی ئاوا لێکردووە! دەیان جار ئافرەت هاتووەتە ئەم دووکانە و گوتوویەتی 'کاکە ڤەیپێک بدە بەو منداڵە با بخافڵێ.' منداڵ هاتووە گوتوویەتی 'تەلەفۆن بۆ دایکم بکە و ڤەیپێکم بدەیە' منیش تەلەفۆنم بۆ دایکی کردووە و گوتوویەتی 'کاکە بەس تاوەکو لە ماڵەوە داکەوێ ڤەیپێکی بدەیە."

 بەگوێرەى راپۆرتەكەى رووداو، ئەو ڤەیپانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەن، لە وڵاتەکانی چین و تورکیا و ئێرانەوە هاوردەدەکرێن. نرخەکانیشیان لە 1000 دینار تاوەکو نزیکەی 100 هەزار دینارە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین