لە هێرشێکدا لانیکەم شەش چەکداری سەر بە ئێران کوژران ئێران

نوچەنێت:

لە سێ هێرشی ئاسمانی ئەمریکا لە سووریا لە نزیک دەروازەیەکی سنووری ستراتیژی لەگەڵ عێراق، شەش چەکداری سەر بە ئێران کوژراون.

ڕۆژی شەممە (30/ کانونی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دوو ئەندامی گرووپە میلیشیای عێراقی، بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێسیان راگەیاندووە، لە سێ هێرشی ئاسمانی لە شەودا لە رۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک دەروازەیەکی سنووری ستراتیژی لەگەڵ عێراق، شەش چەکداری میلیشیای سەر بە ئێران کوژراون.

هێرشەکە بۆ سەر ناوچەی سنووری بوکمال، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بوو، کە گرووپێکی میلیشیای عێراقی ناسراو بە "مقاومت اسلامی" کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکایان لە شاری هەولێر گرتە ئەستۆ.

ئەو گرووپە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە سەد هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بە گێڕانەوەی ئەو سەرچاوانە بڵاویکردەوە، چوار لە کوژراوەکان لە گرووپی حزبوڵڵای لوبنانن و دوو چەکداری دیکەش خەڵکی سووریا بوون. ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات ماڵپەڕی هەواڵی دێرەزوور-24 بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکان دوو بنکەی چەکداران و کۆگایەکی چەکیان کردۆتە ئامانج. زیاتر روون دەکرێتەوە کە ئەم کۆگایە لەم دواییانەدا لە سەکوی هەڵدانی موشەک و تەقەمەنی پڕ کرابوو.

لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی بەریتانی "چاودێری مافی مرۆڤی سوریا" لەم بارەوە ڕاپۆرت دەکات کە جگە لەم کۆگای چەک، هێرشەکانی شەوی رابردوو کاروانێکی میلیشیایان کردۆتە ئامانج، کە لە عێراقەوە گەیشتبووە سووریا. بەگوێرەی ئەم رێکخراوە، هێرشەکانی شەوی رابردوو بنکەیەکی مەشقی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیشیان کردۆتە ئامانج.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لەم هێرشانەدا نۆ کەس کوژراون کە سێ کەسیان سووری بوون و شەش کەس لە نەتەوەکانی دیکە بوون.

واشنتۆن تائێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشە نەداوە، هەرچەندە پێشتر رایگەیاندبوو، کە لە وەڵامی زیاد بوونی هێرشەکانی دوو مانگی رابردوو پلانی بۆ هێرشکردنە سەر پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران داناوە.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین