سنوری من، سنوری وشەکانی منە بیروڕا

نوچەنێت: ئافرەتان

لە کاتی دادگاییکردنی کەسێک، پێشتر خۆی ئامادەکات، هەروەها پارێزەر و دەوروبەری ئامۆژگاری دەکەن، کە لە باسکردنی بابەت و پرسیار و وەڵام بە دیقەتەوە وشەکان هەڵبژێرێت. لە بەرئەوەی بەرپرسیار دەبێت، لە هەر وشەیەک، کە لە دەمی دێتە دەرەوە. پەشیمان بوونەوەش، ڕەنگە ئاسان نەبێت و کێشەی تری بۆ دروستبکات. بەپێچەوانەوە ژیانی دەکەوێتە مەترسی ئەو سزایانەی، کە بۆی دیاریکراوە.

ئەمە هەمووی ئامادەکارییە بۆ ڕزگارکردنی یەک کەس، ئایا کەسایەتی و ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەوان و دادوەر و پیشە جۆراوجۆرەکان، چەند بە دیقەتەوە بابەت و -وشە هەڵدەبژێرن؟ لە کاتێکدا ئەوان بەرپرسیارن بەرامبەر بە ژیانی کۆمەڵ، کاتێک بۆ زیادکردنی لایک و ڤیو یان وروژاندن و خۆبەناوبانگ کردن باس لە بابەتێک دەکرێت. ئایا هەست بە مەترسییەکەی دەکەن؟ دەزانن مەترسی لەسەر تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و چەندین خێزان هەیە؟!

بەرپرسیارێتی لە هەڵبژاردنی وشە و قسەکردن ناکرێ هەڕەمەکی هەروابێت، بە تایبەتیش کاتێک بۆ گشت قسە دەکەی، یان کەسایەتی و گرنگی بە قسەکانت دەدەرێت. 

کاتێک بە گشتاندن قسە دەکەن یان بابەتێک دەورووژێنن، بە تایبەتیش، کە پەیوەندی بە ئافرەتەوە هەبێت، دەزانن باسکردنی ئەم جۆرە بابەتانە چەند هەستیاری و شارەزایی دەوێت. بۆ ئەوەی یەکەم بابەتەکە تەشەنە نەکات، دووەم بە کەمترین زیان لەسەر خودی خاوەن کێشەکە بکەوێت و دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ ژیانێکی ئاسایی هەبێت؟

کاتێک بابەتێک بۆ باسکردن و گفتوگۆ هەڵدەبژێرین پێویستە سەرەتا بزانین، ئایا ورووژاندنی ئەم بابەتە لە دژی کێ و لەبەرژەوەندی کێیە؟ ئایا سود و زیانەکانی بۆ کۆمەڵگە چییە و چەند و چۆن دەکەوێتەوە؟ گریمان بابەتێک باس دەکرێت، کە راستە؟ ئایا ورووژاندنی سودی زیاترە یان زیان؟ هەروەها چەند لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ڕاوێژ بە شارەزایانی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەکەن، بۆ ئەم جۆرە بابەتانە؟

جیا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ورووژاندنی بابەت لە بوارەکانی دیکەی وەکو، تەندروستی، سیاسی و ڕۆشنبیریش، پێویستە بە وریاییەوە بێت. نەخوازە باسکردن لە بابەتێک، کە بە تەواوی پەیوەندی بە ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و هەڵسوکەوتی ڕەگەزێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بە داخەوە لەو سەردەمی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و خۆنمایشکردنەدا، زۆربەی لە پێناوی قسەکردندا قسە دەکات، نەک پەیامێکی هەبێت. بۆیە ئەو قسە نەخوازراوانە دەکرێن کە مەترسی لەسەر شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات و دەبێتە هۆی تێکدانی تەونی کۆمەڵگە، بەداخەوە لە زۆربەی ئەم بابەتانەشدا ئافرەت و جەستەی ئافرەت دەکرێنە ئامرازی گەرمکردنی باسەکە و کەرەستەی گەرم کردنی لایک و ڤیو.

ئەو بێ سەروبەرییەی، کە لە بواری ڕاگەیاندن هەیە و ئەو خۆنمایشکردن و ئارەزووە پۆپۆلیستییەی، کە زۆر لە کەسایەتی و خاوەن پێشي جۆراوجۆرەکانی گرتووەتەوە، گەڕەلاوژەیەکی دروستکردووە، کە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاسانکاری زیاتری بۆ کردووە. ئەوەی لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا زۆر خراپە ئەوەیە، کە هەموو کەس، لە هەر ئاست و تیگەیشتنێکدا دەبێت، دەتوانێت قسە بۆ گشت بکات. لە کاتێکدا لە وڵاتی ئێمە، هیچ جۆرە سانسۆرێک لەسەر تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی ئەم بێ سەروبەرییە نییە!

کاتێک کەسێک بەهۆی بێ ئیشی یان ئارەزووی خۆدەرخستنەوە دەبێتە ڕۆژنامەنووس، دەزگاکەش ئارەزووی کۆکردنەوەی لایک و ڤیوی هەیە، دێن باس لە کوشتن یان تووندوتیژی لە کۆمەڵگەدا دەکەن، بە دڵنیاییەوە بەو جۆرە باسی ناکەن، کە پێویستە و بە ئاراستەی دۆزینەوەی ڕێگاچارە و ڕێنماییە، بەڵکو بە ئاراستەی ورووژاندن و دان ڕۆکردنە بۆ دووبارەکردنەوەی بە جۆرەها شێواز.

پانزە ساڵ بەر لە ئێستا، لەسەر کەیسی کچێکی گەنج کارم کرد، کە لە بەرئەوەی وازی لە بەشە میراتی خۆی نەهێنا زڕبراکانی کوشتیان. کاتێک بابەتەکەم لە پەیجەکەی خۆم دانا، کۆمەڵێک کەس بێ ئەوەی بیانخوێندبێتەوە کۆمێنتی ناشیاویان نووسیبوو، وەک ئەوەی "لە خۆڕا نەکوژراوە، دەموچاوی لە کەسی شەریف ناچێ، دەستیان خۆش بێت، براکانی زۆر پیاون...". لە کاتێکدا تەنیا زانیبوویان ئافرەتێک کوژراوە. بۆیە لە وەها کۆمەڵگەیەکدا، دەبێت تا وشەیەک دەنووسی، دەجار بە فراوانی بیر لە سود، زیان و کاریگەرییەکانی بکەیتەوە. بیر لە بازنەی خێزانی، ژینگەی کار و ژینگەی کۆمەڵگەی ئەم خاوەن کێشەیە بکەیتەوە.

بە پێچەوانەوەش، نەک هەر نابی بە بەشێک لە چارەسەر، بەڵکو دەبیتە ئامرازی ورووژاندن و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. ئەو کۆمەڵگەیەی، کە سود و زیانەکانی بەر خۆت، کەسوکار و نەوەی داهاتووشت دەکەوێت.

مرۆڤ دەتوانێ لە رووی هزریەوە، باسی واتا و کارتێکردنی وشە بکات. وەک نمونە چۆن وشە مێژوو دەڕێسێت، ئاواش مێژووی وشە هەیە، کەواتە هەموو وشەیەک واتا هەڵدەگرێت و هەموو واتایەکیش کاریگەری لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە هەیە. ئیتر لەوانەیە هەڵەی دکتۆرێک لەبواری کارەکەی دا، باجەکەی بە کەسێک بدات، بەڵام نووسین و پەیڤ لەوانەیە کوشتن و براکوژی/ کۆمەڵگە باجی بدات. هەر واتای لۆگۆس لە زمانی یۆنانی دا، بەواتای پەیڤ/ عەقڵ دێت. هەروەها لە ئنجیلیشدا دەڵێت: "لەسەرەتادا پەیڤ بوو".

کەواتە پەیڤ نەک تەنیا واتای هەیە، بەڵکو دەبێتە ناسنامە بۆ نووسەر. بە پێی مێژوو چەندین کوشتار و ئاشوب بە هۆی وشەوە و قسەکردنی ناشیاوەوە کەوتووەتەوە. فەیلەسوفی هیندی بەیدەبا لە کتێبی (کەلیلە و دیمنە) دا، زۆر بە هوشیاری لەسەر زمانی گیانلەبەران ئامۆژگاریمان دەکات، خۆمان لەو پەیڤانە بپارێزین، کە شەڕ و ئاشوب دروست دەکەن. شەهرەزاد بەهۆی هۆنینەوە و- وشەوە، توانی ئاشتەوایی لە نێوان خۆیی و شەهرەیاردا دروستبکات. هەر لەئەنجامی وشە جوانەکانی، شەهرەیار لێی خۆش بوو. 

وەک چۆن هەر پەیڤێک واتا و سیاسەتی خۆی هەیە، ئاواش دەبێت سیاسەتمەدار و نووسەرانیش دەنگ و ڕەنگی جوان لەسایەی پەیڤ و رەفتار ڕابگەیەنن. ئیتر چەند وشە کۆمەڵگا هوشیار دەکاتەوە، ئاواش وشە کۆمەڵگە بریندار دەکات. فەیلەسوفێک دەڵێت: سنوری من، سنوری زمانی منە، کەواتە ئاستی منیش، ئاستی وشە و زمانی منە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین