زەریف : هێرشەکە بۆ سەر نەتەنز پێگەی ئێمە لە گفتوگۆکاندا بەرز دەکاتەوە ئێران

نوچه‌نێت

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی ئەو هێرشەی لەم دواییانەدا بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز ئەنجام درا پێگەی ئێران لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا بەرز دەکاتەوە. لەو کۆنفڕانسەدا سێرگی لاڤرۆڤ سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لە دژی ئێرانی ئیدانە کرد و هاوکات داوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی سەفەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ تاران وێرای ئاماژە کردن بە پەلامارەکە بۆ سەر بنکەی نەتەنز وتی "ئیسرائیلییەکان پێیان وابوو ئەو هێرشە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئێمە لە گفتوگۆکانی ڤێینادا بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو کارە تێکدەرانە دەبێتە هۆی باڵادەستی و بەرزبوونەوەی پێگەی ئێمە". 
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢١، بەرپرسانی ئێران وێرای پشتڕاستکردنەوەی "ڕووداوێک لە تۆڕی کارەبا"ی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز، ئەو ڕووداوەیان بە کردەوەیەکی "تێکدەرانە" و "تیرۆریزمی ئەتۆمی" وەسف کرد. 
زەریف لەو کۆنفڕانسەدا هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە ئەورووپا گرت بە هۆی سەپاندنی سزاکانی ئەو دواییانە لە دژی ئێران و وتی " یەکێتی ئەوروپا لە ساڵانی ڕابردوودا بە نیشاندانی ئەوەی کە ناتوانێ بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات و هەروەها بە هۆی خۆبەدەستەوەدان لە بەرانبەر فشارەکانی ئەمریکادا، پێگەی خۆی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە دەست داوە". 
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی نیسان، یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاند بە سەر هەشت فەرماندەی سەربە هێزەکانی سوپای پاسداران، ڕێکخراوەی بەسیج و پۆلیسی ئێران بە هۆی ئەوەی دەستیان هەبوو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. لە بەرانبەردا ئێران گفتوگۆ هەمەلایەنەکانی خۆی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەڵپسارد. سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی ڕابردوو وێرای ئیدانە کردنی گەمارۆکانی ئەوروپا وتی "گفتوگۆى هەمەلایەنەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و لەوانە گفتوگۆکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و هەموو ئەو هاوکاریانەی دوای ئەو گفتوگۆیانە هاتبوونە ئاراوە، بە تایبەت لە بوارەکانی تیرۆریزم، مادە هۆشبەرەکان و پرسی کۆچبەری هەڵدەپسێردرێن". 
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران وتی ڕێککەوتن کراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڤاکسێنی سپۆتنیکی ڕووسیا لە ئێران بەرهەم بێت. 
بڕیارە لاڤرۆڤ لەو سەردانەدا بۆ تاران لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش دیدار بکات.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین