داواکاری گشتی کرمان: تەواوی تۆمەتبارانی تەقینەوەکان دەستگیرکران ئێران

نوچەنێت:

داواکاری گشتی کرمان رایگەیاند، "هەموو تۆمەتبارانی تەقینەوەکانی کرمان دەستبەسەر کراون". بەرپرسی دامەزراوەی دادوەری هێزە چەکدارەکانی کرمان-یش دەڵێت "پێشتریش 16 بۆمبی ئامادە بۆ تەقینەوە لە کرمان دۆزراوەتەوە".

لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، دوو تەقینەوەی بەهێز لەناو جەماوەرەکەدا لە گۆڕستانەکەدا تەقییەوە و نزیکەی سەد کەس کوژران و نزیکەی سێ سەد کەسیش بریندار بوون. داعش ئەو کردەوەیەی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (حەوتى کانوونی دووەم/ 2024) ئێران ئینتەرناشناڵ، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، مێهدی بەخشی، داواکاری گشتی شاری کرمان رایگەیاند: "هەموو تۆمەتبارانی تەقینەوەکانی کرمان دەستبەسەر کراون".

بەخشی دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا 32 کەس کە پەیوەندییان بەم دۆسیەوە هەیە دەستبەسەر کراون و لە قۆناخی لێپرسینەوەدان.

داواکاری گشتی شاری کرمان ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لە کرمان 16 بۆمب دۆزراوەتەوە، کە هێزی تەقینەوەکەی لە جلیقەی خۆکوژەکان زیاتر بوو.

ئەحمەد تەوەکولی، بەرپرسی دامەزراوەی دادوەری هێزە چەکدارەکانی کرمان دەڵێت: هەواڵی هەڕەشەی دوژمنمان هەبوو، پێشتریش 16 بۆمبی ئامادە بۆ تەقینەوە لە کرمان دۆزرایەوە، کە تایبەت بە گۆڵزاری شەهیدەکان و مەزاری قاسم سولەیمانی بوو.

تەوەکولی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە چەند پارێزگایەکی دیکەدا، زیاتر لە 60 بۆمب دۆزراوەتەوە و دۆسیەکە تۆمارکراوە.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین