تەلەگراف: حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای دەریایی خامنەیی راهێنانیان پێکراوە ئێران

نوچەنێت:

تەلەگراف ئاشکرای دەکات، کە حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای دەریایی خامنەیی لە زیباکنار لە رەشت، راهێنانیان پێکراوە. دەشڵێت "خامنەیی بەشێوەی تایبەتی خۆی فەرمانی بە حوسییەکان کردووە هێرشە دەریاییەکان ئەنجام بدەن".

ڕۆژی پێنجشەممە (11/ کانونی دووەم/ 2024) ئێران ئینتەرناشناڵ، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی تێلێگراف بە گێڕانەوە لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ناوخۆی ئێران بڵاویکردەوە، حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای دەریایی خامنەیی لە زیباکانار لە رەشت راهێنانیان پێکراوە. ئەو خولە مەشق و راهێنانە شەش مانگەیە، بۆ هێزەکانی بە سەربە سوپای پاسداران ئەنجام دەدرێت، لەوانە حوسییەکانە و یەکەم خولی مەشق و راهێنان بۆ حوسییەکان، لە مانگی یەکی ساڵی 2020 بەڕێوەچووە.

به گوێرەی ئەم راپۆرته 200 میلیشیای بیانی، لەوانە حوسییه کان، بۆ وەرگرتنی ئەو راهێنانانه گەشتیان بۆ ئێران کردووه. خولی راهێنانی حوسییەکان بە جیا لە خوێندکارانی دیکە بەڕێوەچوو و بۆ رێگریکردن لە دزەپێکردنی زانیارییەکان، تێکەڵاوی حوسییەکان لەگەڵ خوێندکارانی دیکە قەدەغە بووە.

تەلەگراف ئەوەش دەخاتەڕوو، دورگەی فارور لە کەناراوەکانی هۆرمزگانیش، کە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداران دایە، بۆ راهێنانی میلیشیاکان بەکاردێت.

بە پشت بەستن بە سەرچاوەی بەریتانی و ئەمریکی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە بەرپرسانی رۆژئاوا، سەرقاڵی ئامادەکاری بژاردەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە ناوخۆی یەمەن.

بە پێی راپۆرتی تەلەگراف، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بە شێوەیەکی شەخسی لە بڕیاری شەپۆلی نوێی هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور دەستی هەبووە و لە دابینکردنی چەک و کەرەستەی زیاتر بۆ حوسییەکان، پشتیوانی کردووە.

رۆژنامەی تەلەگراف بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەناوخۆی سوپای پاسدارانەوە دەستیکەوتووە، نووسیویەتی ئێران هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی، بە "کاریگەرترین تاکتیک بۆ پەرەپێدانی شەڕ" لە دژی ئیسرائیل دەزانێت.

هەر لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی هێرشەکانی حوسییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد، کە تێیدا داوا لە حوسییەکانی یەمەن دەکات، دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر هێڵە کەشتیوانییەکان رابگرن.

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، حوسییەکانی یەمەن چەندین جار بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکەیان کردۆتە ئامانج.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، زیاتر لە 20 وڵات، لەوانە بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، هۆڵەندا، فەرەنسا، یۆنان، ئوسترالیا، نەرویج و دوورگەکانی سیشێل پەیوەستبوون بەم هاوپەیمانیەتییەوە.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ                

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین