راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى عێراق: ئەمەريكا دەستدرێژى دەكاتە سەر خاكى عێراق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

قاسم ئەعرەجى، راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى عێراق سەبارەت بەو هێرشەى شەوى رابردوو بۆ سەر بنكەكانى حەشدى شەعبى لە ئەنبار و بابل رايگەياند، بە ئامانجگرتنى بارەگاكانى حەشدى شەعبى لە قائيم و جەرفوسەخر، دەستدرێژيەكى روونە بۆ سەر سەرەوەرى عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24/ كانوونى دووەم/2024) ماڵپەڕى (شەفەق نیوز) بڵاوى كردەوە، راوێژكارى ئاسایشى نەتەوەیى عێراق، لە پەیامێكدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هێرشەكانى ئەمەریكا بۆ سەر بارەگاكانى حەشدى شەعى خزمەت بە ئاگربەست ناكات.

ئەعرەجى لە بەشێكى دیكەى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە لەسەر ئەمەریكا لەبرى هێرشكردنە سەر بارەگا و دامەزراوە نیشتیمانییە عێراقییەكان، فشار بكات بۆ وەستاندنى هێرشەكانى سەر كەرتى غەزە.

فەرماندەى ناوەندى هێزەكانى ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەى سێ هێرشى كردۆتە سەر پێگەكانى كەتائیبى حزبوڵا لە عێراق، ئەوەش لە وەڵامى هێرشەكانى گرووپە چەكدارەكانى عێراق بووە، كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەكرێن، لە (20)ى ئەم مانگە هێرشیان كردە سە بنكەى عەین ئەسەد.

فەرماندەى هێزەكانى ئەمەریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هێرشە تاكلایەنە بۆ سەر سێ بنكە بووە، كە گرووپە چەكدارەكان بەكارى دەهێنن، هەروەها لەو هێرشانە شوێنى مەشق لەسەر مووشەكەكان و فڕۆكەى بێفڕۆكەوان كراونەتە ئامانج.

بەگوێرەى زانیارییەكانى لەو هێرشە بۆ سەر بابل و ئەنبار دوو چەكدار كوژراون و چوارى دیكەش برینداربوونە، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ ئامارێك بە فەرمى بڵاونەكراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین