سەرۆکى حکومەت پەیامێکى لەسەر هێرشەکانى سەر هەرێم بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچه‌ نێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکى دیکە هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان سەرکۆنە دەکات جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، گرنگە حکومەتى عێراق هەنگاوى کردەیى بنێت.

ئەمڕۆ هەینى (26/ كانوونى دووەم/2024) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى دەڵێت، " خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن."

 دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان

ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت.  

 خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن وخائینان دەمێنێتەوە. 

 سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین، کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات. 

گرنگە هەنگاوی کرداری لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.

 داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین، کە ڕێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت. 

داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان. 

 داواکارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیروزی کوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن.

 مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

2024/1/26

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین