بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر: ئاگاداری پەیوەندییەکانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی گشتی

نوچەنێت:

ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە (سێى شوبات/2024) بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەڵێت، ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و (ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك، دواتر سەرنجی خەڵكی ڕادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم ڕێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:

‎ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و (ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو ڕەگەزی (پیاو) و (ئافرەت) كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك، دواتر سەرنجی خەڵكی ڕادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم ڕێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن. 

كۆی پرۆسەكە بەم شێوەیەیە:

سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان انستگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ. پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە ڕەوانی دەکەن بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆیەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە ڕێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی ب ەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت!

بۆیە داوا دەکەین ئاگاداری پەیوەندییەكانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک مەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین