ئێران

نوچه‌نێت

دۆخی ئابووری ئێران بەردەوام خراپتر دەبێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشاری زیاتر دەخرێتە سەر خەڵكی ئەو وڵاتە. لە ئێستادا تەنانەت هەندێ لە میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن خێزانە هەژارەکان بە ناچاری ڕوویان لە خواردنی پێستی مریشک کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی نالەباری ئابووری و گرفت و کێشەی خەڵک لە دابینکردنی پێداویستی و تەنانەت خۆراکیی خۆیان بڵاو کردووەتەوە، لە بەشێک لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ئێستادا هەندێ لە خێزانە هەژارەکان لەبەر ئەوەی توانای کڕینی مریشکیان نییە، پێستی مریشک دەخۆن و لەم ڕۆژانەدا نرخی هەر کیلۆیەک پێستی مریشک لە نێوان شەش تا نۆ هەزار تمەنە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە چینی کەم داهات و کرێکاران و خانەنشینان کە مووچەی کەم وەردەگرن، زیاتر لە دوو ساڵە گۆشتی سوور ناکڕن و بۆیە تاقە بژاردەیان گۆشتی مریشک بوو. بەڵام مریشکیش ئێستا ئەوەندە نرخی گران بووە کە خێزانە هەژارەکان بە هیچ جۆرێ توانای کڕینیان نەماوە.

لە ئێستادا نرخی مریشکی حکوومەتی (واتە ئەو مریشکەی حکومەت دەیفرۆشێ بە هاووڵاتیان) بۆ هەر کیلۆیەک ٢٤ هەزار و ٩٠٠ تمەن دیاری کراوە واتە نزیکەی ٢٥٪ گرانتر بووەتەوە. بۆ وەرگرتنی ئەو مریشکە هەندێ جار هاووڵاتی دەبێ ماوەی یەک یان دوو ڕۆژ  چاوەڕوان بێت. چونکە ئەگەر لە بازار و بە نرخی ئازاد مریشک بکڕێ دەبێ بۆ هەر کیلۆیەک زیاتر لە ٣٠ هەزار تمەنە بدات.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشتر هەندێ لە خێزانەکان قاچە مریشکیان دەخوارد بەڵام لە ئێستادا بە ناچاری ڕوویان کردووە لە خواردنی پێستی مریشک. ئەوە لە حاڵیکدایە کە پێستی مریشک پڕە لە هۆرمۆن و سەرچاوەی چەندین نەخۆشییە.

هەڵبەت کێشە تەنیا مریشک نییە، خێزانە هەژارەکان بۆ دابینکردنی هەموو جۆرە خۆراکێک کێشەیان هەیە، ئەوە لە حاڵیکدایە هەم مانگی ڕەمەزان دەستی پێ کردووە و هەم کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو بووەتەوە. بەو حاڵەش، لە چەند شارێکی ئێراندا خەڵک بە ڕیز ڕادەوەستن بۆ کڕینی پێستی مریشک.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین