هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان و ئەگەرى پەرەسەندنى مەترسییەکان وەرگێڕان

نوچەنێت:

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

دوای دەستپێکردنی جەنگی سوپای ئیسرائیل و حەماس لە تشرینی یەکەمی (2023)دا، گرژی و ئالۆزییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان لە عێراق، سووریا، ئوردن و یەمەن زیاتر بوون. دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە (28)ی کانوونی دووەمی (2024) بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە سنووری ئوردن- سووریا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی (3) سەربازی ئەمەریکی و برینداربوونی زیاتر لە (40) سەربازی دیکە، شەوی هەینی (2) شوباتی (2024) وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرانبەر هێرشەکە ئەمەریکا هێرشی سەربازی کردە سەر گرووپە میلیشیاییەکان لە عێراق و سووریا. جۆ بایدن ناچار بە بڕیارى هێرشکردنەسەر گرووپە دژبەرەکانى ئەمەریکا کرا.

عێراق بەردەوام بۆچوونی وا بووە، ئەو هێرشانەى کە ئەمەریکا و میلیشیاکان لە خاکی عێراق دەکەونەسەر یەکترى هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەم هێرشانە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. هەروەها لە کۆبوونەوەیەکیاندا وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لە دەستێوەردان لەم هێرشانە، چونکە ب دڵنیاییەوە هێرشەکان زیاد دەبن و زیادبوونی هێرشەکان مەترسییەکی ڕوونی لە دوایە.

یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "ئەو هێرشانە پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری عێراق". هەروەها سوپای سووریا گووتی، "لە هێرشەکانی ئەمەریکادا چەندین هاووڵاتی سڤیل و سەرباز بوونە قوربانی، گیانلەدەستدان، و بریندار بوون هەیە، و زیانی زۆری ماددی بە ناوچەکان و باڵەخانەکان کەوتوون".

هەر زوو دوای هێرشەکان فەرمادەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "فڕۆکەکان لە ئەمریکاوە فڕیون، و (85) شوێنیان کردووەتە ئامانج و لە نێویاندا چەندین شوێنی مووشەک، چەک، تەقەمەنییان بە ئامانج گرتووە، هەروەها هێڕشەکان بۆ سەر سووپای پاسداران و گرووپە میلیشیا جیاوازەکانەوە ئەنجام دراون کە ئێران پاڵپشتیان دەکات و دەستی هەیە لە پشت چالاکییەکانیانەوە". 

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان وەک کاردانەوە و وەڵامدانەوەیەکی ئەمەریکا بوو بۆ هێرشەکەی (28)ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەسەر سنووری ئوردن- سووریا کە بووە هۆی کوژران و گیانلەدەستدانی سەربازانی ئەمەریکی. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاند بوو، نامەوێت بچینە جەنگەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام بێگومان وەڵاممان دەبێت و هێرش کردنەسەر سەربازانمان لەلایەن میلیشیاکانەوە بێ کاردانەوە نابێت.

 دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سووریا سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "وەڵامەکانمان دەستی پێکرد، بە فەرمانی من هێرشەکان ئەنجام دراون، و بەردەوام دەبێت لە کات و شوێنی جیاوازدا کە خۆمان دەستنیشانی دەکەین". جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنیی ئاسایشی ئەمەریکا گووتی، "هێرشەکان بەردەوام دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا، جۆ بایدنی سەرۆک بڕیاری داوە هێرشەکان لە ناو خاکی ئێران نەبێت بۆ ئەوەی مەترسی جەنگ لەگەڵ ئێران نەبێت و ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لەوە زیاتر ئاڵۆز نەبێت.

ئەمەریکا باوەڕی وایە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە لە جەنگەکەدا تێوەگلاوە و بە بەردەوامی لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە سەربازانی ئەمەریکا دەکرێنە ئامانج، وەک ئەوەى لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن ڕوویدا، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند سەربازێکی ئەمەریکی، بۆیە ئەمەریکا بێ وەڵام نابێت، لە کات و شوێنی جیاوازدا کاردانەوەی دەبێت، هەروەها ئەمەریکا بەرگری لە سەربازانی دەکات لە عێراق و سووریا، دژی هەر هێرشێک دەوەستێتەوە کە حوسییەکان لە دەریای سوور ئەنجامی دەدەن، چونگە ڕێگەیەکی بازرگانی گرنگە.

جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بۆیلەر وایە بۆ تەقینەوە". کە مەبەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی تێدایە و بە ئاسانی جەنگ بەرپا دەبێت تیایدا، بۆیە داوای لە هەمووان کرد خۆیان بە دوور بگرن بۆ نانەوەی پشێوی و پەرەسەندنی ئاڵۆزی زیاتر. 

هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان لە کاتێکدایە، بڕیارە بەم نزیکانە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بە ئامانجی دەستپێکردنی ئاگربەستێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، کە چاوەڕوان دەکرێت بەم ئاگربەستە چەندین بارمتە ئازاد بکرێن و ئاگربەستەکە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان. بە بڕوای بەرپرسانی ئەمەریکا ئاگربەست هەنگاوێک دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە ئەگەری هەبوونی ئاگربەست و کەمکردنەوەی گرژییەکان چاوەڕوان دەکرێت میلیشیاکانیش هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە (عێراق و سووریا) کەم بکەنەوە،  چیتر هێزەکانی ئەمەریکا بە ئامانج نەگرن، چونکە گرووپە میلیشیاکان بە بەردەوامی هۆکاری ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ ئەو وێرانکارییانە دەگەڕیننەوە، کە لە ئەنجامى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەزە دروستبووە و تەواوى ناوچەکەى گرتۆتەوە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات، "دوای جەنگی ئیسرائیل و حەماس هێرشی گرووپە چەکدارییەکان بۆ سەر پێگەکان و سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دەستی پێکردووە و زیاتر لە (160) هێرشیان ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو هێرشەکەی مانگی کانوونی دووەمی (2024) هیچ سەربازێکی ئەمەریکی نەکوژرا بوون. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێوشوێنی زیاتر و چڕتری بۆ هێرشکردنە سەر سوپای پاسداران و میلیشیاکان گرتۆتەبەر، بەڵام باسی چۆنیەتی و کاتەکانی نەکردووە".

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، "هێرشەکان بۆ سەر کۆگاکانی چەک و تەمەنی، و پێگەکانی گرووپە میلیشیاییە جیاوازەکان بوون لە عێراق و سووریا چونکە ئەو شوێنانە یارمەتیدەرە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ماوەی (30) خولەک بەردەوام بوون، چونکە کەشوهەوا لەبار و یارمەتیدەر بوو، هەروەها پێشتر حکومەتی عێراقمان ئاگادار کردبۆوە".

 ڕۆژی هەینی (2) ی شوباتی (2024) سەرۆکی و خانمی یەکەمی ئەمەریکا،  وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لەگەڵ ئەندامانی سێ سەربازە ئەمەریکییە کوژراوەکە ئامادەبوون لە بنکەی هێزی سەربازیی دۆڤەر لە دێلاوەر بۆ ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی ئەو سەربازانەی، کە لە هێرشەکەی مانگی ڕابردوو دا لەسەر سنووری ئوردن- سووریا گیانیانلەدەستدا،  ئەمەریکا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی بە تاوانباری ئەو هێرشە دادەنێت و دڵنیایی دابوو لە بەرپەرچدانەوە بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر سەربازەکانى. هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی فشارەکانی حکومەتی عێراق گرووپە میلیشیاکان ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندی و سەربازانی ئەمەریکا ڕاگەیاند، بەڵام بێگومان ئەمەریکا دوودڵ نابێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. 

ئەمەریکا ویستی هاوسەنگی هەیە و نایەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە جەنگدا بێت، هەروەها پێشووتر فەرماندەیەکی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت گرژی و ئاڵۆزی هەبێت، یاخود لە جەنگی فراوان بین لەگەڵ ئەمەریکا بۆیە خۆمان بە دوور دەگرین لەم پرسەدا، بەڵام دڵنیا بن کە لە جەنگ ناترسین". هەروەها ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گووتی، "بێگومان هەر هێڕشێک بۆ سەر خاکی ئێران، بەرژەوەندییەکانی ئێران، هاووڵاتی ئێرانی لە دەرەوە بێ وەڵام نابێت و کاردانەوەمان دەبێت".

نووسینی: جێنیفەر جاکۆبس

سەرچاوە: ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمەریکی

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین