به‌ریتانیا ته‌واوى هێزه‌كانى له‌ ئه‌فغانستان ده‌كێشێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە ئەو وڵاتە دەیەوێت هەموو هێزەکانی لە ئەفغانستان بباتە دەرەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆ نیوز" بڵاوی کردەوە، ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا بە پێی پلانی داڕێژراو لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەفغانستان بەجێ دەهێڵن. 
ڕۆژنامەی تایمز ڕایگەیاندووە بەریتانیا چەند پلانێکی بۆ ڕادەستکردنەوەی ئه‌کادیمیای سەربازیی لە کابول، واتە لەو شوێنەی کە هێزەکانی ئەو وڵاتە هێزەکانی ئەفغان ڕا دەهێنن، داڕشتووە. 
لە ئێستادا نزیکەی ٧٥٠ سەربازیی بەریتانی لە ئەفغاسنتاندا هەن. بەرپرسانی بەریتانیی وتوویانە هێزەکانیان لە ئەفغانستان لە ڕووی بنکە و ژێرخانەکانەوە پشتیان بە ئەمریکا بەستووە و بە بێ هەبوونی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە. 
هەواڵی چوونەدەرەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە کاتێکدا لە لایەن میدیاکانەوە بڵاو کراوەتەوە کە ڕۆژی ڕابردوو گۆڤاری واشنتۆن پۆستی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەیەوێت تا ١١ی سیپتەمبەری (ئەیلولی) ئەمساڵ هەموو هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان بباتە دەرەوە و بڕیار وایە ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمی ڕایبگەیێنێت. 
هاوکات تالیبان هەڕەشەی کردووە بە مەرجێ بەشداری دەکات لە دانیشتنەکان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەفغانستان، کە هێزە دەرەکییەکان ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن. 
تالیبان پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر تا سەرەتای مانگی ئایار هێزەکانی ئەمریکا و ئەندامانی تری ناتۆ خاکی ئەفغانستان بە جێ نەهێڵن، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو هێزانە دەست پێ دەکەنەوە. 
بەرپرسانی ئەمریکیی و تالیبان لە ٢٨ی کانوونی دووەم لە دوحە، پایتەختی قەتەر، ڕێککەوتنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی ئەفغانستان ئیمزا کرد و بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ئەمریکا و ناتۆ هەموو هێزەکانیان لە ماوەی ١٤ مانگدا لە ئەفغانستان دەبەنە دەرەوە. 
ئەوە لە کاتێکدایە کە چاودێران نیگەرانی خۆیان دەربارەی لێکەوتەکانی چوونەدەرەوەی خێرای هێزە دەرەکییەکان لە ئەفغانستان دەربڕیوە.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین