هەڵوێستى ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەى هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان وەرگێڕان

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

ڕۆژی سێشەممە (6) شوباتی (2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عێراق و هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان کرا. جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وتارێکی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا جەختی لە سێ پرسی گرنگ دەربارەی هەرێمی کوردستان کرد کە بریتی بوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێم، هەروەها بۆردوومانکردنى هەولێر.

هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان 

دەربارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پلاسخارت گوتی، "بە داخەوە بۆ سێیەم جاری یەک لە دوای یەک پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دواخرایەوە، هەڵبژاردن لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەڕێوە ناچێت، کە بڕیار بوو ئەنجام بدرێت، هیوادارم لە زووترین کاتدا وادەیەکى بۆ دیاری بکرێت و کۆتاجار بێت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت". پێشتریش چەندین جارێک پلاسخارت کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆى کردووە سبارەت بە پرسی ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

شایستە داراییەکانی هەرێم

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا نێردەى تایبەتى سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەى بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەم بارەیەوە پلاسخارت گوتى، "هێشتا کێشەی دارایی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم ماوە، ئەگەرچی نارندی بڕە پارەیەک بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە لایەن بەغداوە هەنگاوێکی باش بوو، بەڵام پێویستە ئەم پرسە بە پەلە کۆتایی پێبێت و بە گوێرەی بوودجەی فیدراڵی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، چونکە ئەمە مافی هەرێمە و بابەتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە و هاووڵاتیان لە دۆخێکی خراپی داراییدان".

هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

بۆردوومانکردنى هەولێر لەلایەن گرووپە میلیشیاکان و سوپاى پاسدارانى ئێران، لەکۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی (2024/2/6) ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باسى لێوەکرا و پلاسخارت پێیوابوو، "هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان پێویستە بوەستێندرێت، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکاندا تەنیا هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی. نموونەی دوایین هێرشی شەوی (15) ی کانوونی دووەمی ئەمساڵی هێنایەوە کە کرایە سەر هەرێمی کورستان، تیایدا کچێکی کەمتر لە (یەک) ساڵ" بۆ نموونە بووە قوربانی، هێرشەکان تەنیا گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا زیاد دەکەن و هیچ خزمەتێک بە هیچ کەسێک ناگەیەنێت.

کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکرتووەکان لە کاتێکدایە لەوەتەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکردووە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە گرووپە میلیشیاکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامدا هاووڵاتیان سڤیل زیانیان بەرکەوتووە، بوونەتە قوربانی ڕاستەوخۆ.

باڵیۆزی وڵاتان پشتگیری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپات کردەوە، جەختیان لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا کردەوە. هەروەها نەیان شاردەوە کە ناردنی شایشتە داراییەکانی هەرێم و مافی مووچەخۆرانی هەرێم مافێکی سەرەتاییە و پێویستە هاووڵاتیانی سڤیل نەکرێنە قوربانی ململانێکان. باڵیپۆزانی چەندین وەک لە نێویاندا عێراق، سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هێرشەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، پێیان وابوو بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەم هێرشانە تێوەگلانی ناوچەکەیە لە ئاڵۆزی و پشێویدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین