ئەمریکا لە (45)مین ساڵڕۆژی شۆڕشی ئێران بەڵێنی پشتیوانی بە خەڵکی ئازادیخواز دەدات ئێران

نوچەنێت:

رێپێوانی (45)هەمین  ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران و سەرتاسەری ئێران بەڕێوەچوو. هاوکات ئەمریکا لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە حکومەتی ئێران لەو ماوەیەدا "بیری لە توندوتیژی و گەندەڵی لە جیاتی ئاشتی و خۆشگوزەرانی" کردووەتەوە و جەختی پشتیوانی تێکوشانی ئازادیخوازانەی خەڵک کردۆتەوە.

رۆژی یەکشەممە (11/شوبات/2024)، بی بی سی فارسی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رێپێوانی 45-ەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کە بە (22 بەهمەن) ناسراوە، لە تاران و سەرتاسەری ئێران بەڕێوەچوو و نمایشکردنی ماکێتی هەموو جۆرە مووشەک و کەرەستەی جەنگی وەک "دەستکەوتەکانی" شۆڕشی ئێران بەشێک لە رێوڕەسمی ئەمڕۆی تاران بووە.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارەکەیدا لە رێوڕەسمی ئەمڕۆی تاران، رایگەیاند: ئازادی لە ئێراندا "بە بەرەکەتی شۆڕشی ئیسلامی مسۆگەر بووە" و گوتی، بە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی ئازادی دەکەن، ئازادی راستەقینە لەم وڵاتەدا هەیە و ئەمە سیستەمە.

گوتەکانی رەئیسی لە کاتێکدایە، کە زۆرێک لە هاوڵاتیان لە ئێران تەنانەت ئازادی بڕیاردانیان نییە لەسەر تایبەتیترین بابەت، وەک جۆری جلوبەرگ پۆشین، ژنانیش تەنیا بەهۆی سەرپێچیکردن لە حیجابی زۆرەملێ زیندانی دەکرێن و رووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەدەبیاتی بژاردەی سەربازیی لەسەر مێزە، ئێستا کەوتووەتە پەراوێزەوە و ئیتر کەس ئەو قسەیە ناکات و بیر لە دەستدرێژیکردنە سەر ئەم خاکە ناکاتەوە".

برام پێلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە یادی 45-ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، پەیامێکی ڤیدیۆیی لەسەر هەژمارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: چل و پێنجمین ساڵ پێش لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ شۆڕشی ئێران بووە هۆی دامەزراندنی رژێمێک، کە لەسەر ترس و توندوتیژی و ستەم دامەزراوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، حکومەتی ئێران رژێمێکە لە جیاتی پێشوازی لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی، تەنیا توندوتیژی و گەندەڵی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی لەگەڵ خۆی هێناوە.

پیلی لە پەیامەکەیدا بۆ گەلی ئێران گوتی "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی خۆی لە ئەوان لە تێکۆشانیان بۆ داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیک بەردەوام دەبێت".

سەرچاوە: بی بی سی فارسی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین