نیویۆرک تایمز: تەقینەوەکان لە بۆڕی گازی ئێران لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بووە ئێران

نوچەنێت:

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دەڵێت، تەقینەوەکانی لە بۆری گازی سەرتاسەری ئێران، ئۆپەراسیۆنی نهێنی ئیسرائیل بووە و هێرشەکان بەکارهێنانی گازیان بۆ مەبەستی ناوخۆیی و پیشەسازی، لە ملیۆنان کەس پەکخست.

رۆژی شەممە (17/شوبات/2024)، رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رۆژی هەینی بە گێڕانەوە لە دوو بەرپرسی رۆژئاوایی، سەبارەت بە هێرشە نهێنییەکانی ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوو، بۆ سەر دوو بۆری سەرەکی گاز لە ناوخۆی ئێراندا و پەکخستنی دەڵێت، ئەو دوو بەرپرسە گوتوویانە، ئیسرائیل بەرپرسیارە لە تەقینەوەکەی رۆژی پێنجشەممەش لە کارگەیەکی کیمیایی لە قودس.

نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئەم هێرشە نوێیانە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە شەڕی ناڕاستەوخۆدا نیشان دەدەن، کە ساڵانێکە ئیسرائیل و ئێران لە رێگەی هێرشی ئاسمانی، زەمینی، دەریایی و ئەلیکترۆنیەوە، بەڕێوەی دەبەن.

ئەم رۆژنامەیە دەشڵێت، ئیسرائیل لە مێژە شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ناو ئێرانی کردۆتە ئامانج و زانا و بەرپرسانی ئەتۆمی ئێرانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات تیرۆر کردووە. 

کاربەدەستان و شرۆڤەکاران بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، تەقینەوەکانی ئەم دواییە بەشێک لە ژێرخانی وزەی ئێران، وەک پیشەسازییەکان، کارگەکان، کە ملیۆنان کەسی مەدەنی پشتی پێدەبەستن، کردۆتە ئامانج و نیشانەی پەرەسەندنی شەڕێکی نهێنییە کە بەرەیەکی نوێی کردۆتەوە.

دوای روودانی لانیکەم دوو تەقینەوە لە پارێزگاکانی فارس و چوارمحال و بەختیاری لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: کاتژمێر یەکی سەرلەبەیانی، لە لایەن تۆڕێکی ئۆپەراسیۆنەکانی تێکدەرانەی تیرۆریستی لە دوو سێ ناوچەی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز تەقینەوە روویداوە.

بەرپرسانی رۆژئاوایی رایانگەیاندووە، ئیسرائیل تەقینەوەیەکی جیای لەناو کارگەیەکی کیمیایی لە جەرگەی تاران ئەنجامداوە، کە گەڕەکێکی دەورووبەری هەژاندووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و ئاگر لە ناوچەکە؛ بەڵام پارێزگاری شاری قودس لەو بارەیەوە رایگەیاند: کاتژمێر 18:15 رۆژی پێنجشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە شار قودس بیسترا و هەر کە ئەم تەقینەوەیە روویدا، بەدواداچوونی پێویست ئەنجامدرا و دیاری کرا کە تەقینەوەکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە تانکی هەڵگرتنی کیمیایی کۆمپانیایەکی تایبەتی بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان بووە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین