رۆیتەرز: لەسەر داوای قائانی هێرشی میلیشیاکان لە دژی ئەمریکا راگیران ئێران

نوچەنێت:

فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گرووپە میلیشیاییەکان بووەتە هۆی راگرتنی هێرشەکانیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا. ئەوەش بۆ رێگری کردن بووە فراوان بوونی شەڕ.

رۆژی یەکشەممە (18/شوبات/2024)، یۆرۆ نیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقی بڵاویکردۆتەوە، سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران  بۆ بەغدا، بووە هۆی راگرتنی هێرشەکانی گرووپە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران، لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و ئەم بابەتەش بەو شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران دەیەوێت رێگری بکات لە ململانێی فراوانتر.

بەگوێرەی رۆیتەرز، ئیسماعیل قائانی، ، کەمتر لە 48 کاتژمێر، دوای ئەوەی واشنتۆن گرووپەکانی هاوپەیمانی ئێرانی بە بەرپرسیار زانی لەکوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی تاوەر- 22 لە ئوردن، لە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی چەند گرووپێکی چەکداری کۆبووەتەوە.

هەر بەم پێیە، قائانی لە فڕۆکەخانەیەک، کە چوار ساڵ پێش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی، قاسم سولەیمانی لە نزیکی تیرۆر کرد، بە لایەنە عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە رشتنی خوێنی ئەمریکی مەترسی کاردانەوەی توندی ئەمریکای لەگەڵدایە.

رۆیتەرز لە زاری ئەو سەرچاوانەوە رایگەیاندووە، کە قائانی پێشنیاری کردووە، کە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر فەرماندە باڵاکانی گرووپە میلیشیاکان، لەناوبردنی ژێرخانە گرینگەکان یان تەنانەت تۆڵەسەندنەوەی راستەوخۆ لە ئێران؛ میلیشیاکان دەبێ بۆ ماوەیەک بێدەنگ بن.

لە کاتێکدا کە لایەنێک لە سەرەتادا بە داواکەی قائانی رازی نەبووە، زۆربەی گرووپەکانی دیکە رازی بوون. بە دیاریکراوی رۆژی دواتر، گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵا رایدەگەیەنێت، کە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمریکیەکان هەڵپەساردووە.

لە 4ی شوباتەوە تا ئێستا، هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجام نەدراوە؛ ئەوە لەکاتێکدایە کە لە دوو هەفتەی پێش سەردانەکەی فەرماندەی سوپای قودس، زیاتر لە 20 هێرشی لەو شێوەیە هەبووە.

فەرماندەیەکی باڵای گرووپێکی چەکداری عێراقی هاوپەیمانی ئێران رایگەیاندووە: "بەبێ دەستێوەردانی راستەوخۆی قائانی، رازی کردنی کاتائبی حزبوڵڵا بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان نامومکین بوو.

سەرچاوە: یۆرۆ نیوز

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین