ئەمریکا: پێویستە ئێران و هێزە بریکارەکانی گۆشەگیر بکرێن ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و هەموومان؛ پێویستە لەگەڵ بریکارەکانی گۆشەگیر بکرێت.

رۆژی یەکشەممە (18/شوبات/ 2024)، ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەمیانەی گوتەکانی رایگەیاند: ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و هەموومان،  پێویستە لەگەڵ بریکارەکانی گۆشەگیر بکرێت.

بلینکن ئاماژەی بەوەشدا، کە لە چەند مانگی داهاتوودا "دەرفەتێکی گەورە" بۆ ئەوەی ئیسرائیل تێکەڵ بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هەیە. لە بەرئەوەی وڵاتانی عەرەبی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەدەن.

بلینکن هەروەها لەسەر پێویستی "بەپەلە" بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی، کە ئاسایشی ئیسرائیل-یش گەرەنتی بکات، جەختی کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی دووبارەی لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کردەوە و وەک بەشێک لە "پاڵپشتییە بێوچانەکانی ئەمریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل".

رۆژی هەینی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە حکومەتی ئەو وڵاتە لە دژایەتیکردنی دانپێدانانی تاکلایەنە بە دەوڵەتی فەلەستین بەردەوام دەبێت.

نەتانیاهۆ لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی: "داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، پاداشتێکی گەورەیە بۆ تیرۆریزم، بێ وێنە دەبێ و رێگری لە هەر جۆرە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە داهاتوودا دەکات".

ئەم لێدوانانە لە وەڵامی راپۆرتێکی واشنتۆن پۆستدا هات، کە هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیل کە ئەمریکایە، خەریکی بەرەوپێشبردنی پلانی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینییە.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین