ئێران چەند پەيامێكى بۆ گرووپە چەكدارەكان ناردووە ئێران

نوچەنێت

ئێران ترسى لە بەريەكەوتنى راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەريكا هەيە، بۆيە چەند پەيامێكى بۆ گرووپە شيعەكان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناردووە خۆيان لە ئاڵۆزييەكان لەگەڵ سوپاى ئەمەريكا بپارێزن.

ئەمڕۆ دووشەممە (19/شوبات/ 2024) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاوى كردەوە، رۆژنامەى واشنتن پۆستى ئەمەريكى لە راپۆرتێكدا ئاشكراى  دەكات، بەرپرسانى باڵاى ئێران هۆشداريان داوە بە گرووپە چەكدارەكان خۆيان لە بەريەكەوتن لەگەڵ هێزەكانى ئەمەريكا بپارێزن.

سەبارەت بە كاريگەرييەكانى ئەو پەيامەش بەرپرسانى ئەمەريكا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، لەوانەيە ئەو پەيامانە هەندێك كاريگەرى هەبێت، بەرپرسێكى ئەمەريكيش بە رۆژنامەكەى راگەياندووە، ئێران دەزانێت بەرژەوەندييەكانى لە ميانەى رێگەدان بە تواناى گرووپەكان خزمەت ناكرێت.

رۆژنامەكە ئاشكراى كردووە، ئێران بەرپرسە سەربازيى و ديپلۆماسيەكان رەوانەى ناوچەكە كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانى ئەو گرووپە چەكدارانە.

بە گوێرەى لێدوانى بەپرسێكى عێراقيش بۆ رۆژنامەى واشنتن پۆست، ئێران هەوڵەكانى خۆى خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى رێگە لە فراوانبوونى ئەو جەنگە بگرێت، بەڵام سەركردەى گرووپە چەكدارەكان بەو هەنگاوە رازى نين.

لە ماوەى رابردوو سوپاى ئەمەريكا چەند جارێك بنكە و بارەگاكانى گرووپە چەكدارەكانى نزيك لە ئێرانى لە عێراق و سووريا بۆردوومان كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین