باڵیۆزخانەکانی ئێران بوونەتە ئامانجی هێرشی سایبەری رووسیا ئێران

نوچەنێت:

گروپێکی هەکری رووسی هێرشێکی ئەلیکترۆنییان کردۆتە سەر باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە رووسیا و هۆڵەندا.

رۆژی دووشەممە (19/ شوبات/2024)، ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، گرووپێکی هەکری رووسی هێرشێکی ئەلیکترۆنییان کردۆتە سەر باڵیۆزخانەکانی ئێران لە رووسیا و هۆڵەندا و لەم هێرشە ئەلیکترۆنییە بەرفراوانە، کە لە نێوان ئۆکتۆبەر تاکو دیسەمبەری 2023 ئەنجامدراوە، جگە لە ئێران، ژێرخانی حکومەت و دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، جۆرجیا، پۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا، کۆماری چیک، ئەڵمانیا و بەریتانیاش لەلایەن هەکرەکانەوە دزەیان پێکراوە.

کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی "ریکۆردد فیوچر"، بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی توێژینەوە لەو بوارەدا، جەختی لەوە کردەوە، کە گروپی هەکری ناسراو بە "تی ئەی جی-70" ئەم هێرشانەیان بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر چالاکییە سیاسی و سەربازییەکانی وڵاتانی بە ئامانج کراو بۆ بەدەستهێنانی سوودێکی ستراتیژی لە بەرامبەر ئەوروپا ئەنجام داوە.

توێژەرانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەڵێن، هێرشی هەککردنی رووسیا بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئێران، ئەگەری ئەویە ویستی ئەو وڵاتە بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکییە دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی ئێستای ئێرانە؛ بە تایبەت رووسیا بۆ پێشخستنی شەڕ لە ئۆکرانیا پێویستی بەو چەکانە هەیە، کە ئێران دابینی دەکات.

ئەو گرووپە هەکریە کە چالاکییەکانی لە دیسەمبەری 2020 دەستیان پێکردووە، هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی رووسیا و بیلاڕووس کاردەکات.

توێژەران دەڵێن، ئەو تەکنیک و ئامرازانەی، کە ئەم گرووپە بەکاریدەهێنن، ئاماژەن بۆ بودجەیەکی بەرچاو و لێهاتوویی بەرزیان لە ئەنجامدانی هێرشە سایبەرییە ئاڵۆزەکان.

هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئێران لە لایەن هەکرەکانی رووسیاوە لە کاتێکدایە، کە چەند مانگی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران، پێداچوونەوەی بە گەڵاڵەی هاوکاری لەگەڵ رووسیا لە بواری ئاسایشی زانیاریدا خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

ئەم گەڵاڵەیەش کە ناوی "رێککەوتنی هاوکاری لە بواری ئاسایشی زانیاری لە نێوان ئێران و رووسیا"، لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن رۆحانی لە مۆسکۆ تۆمار کراوە و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا واژۆی لەسەر کردووە.

ساڵێک پێش ئیمزاکردنی ئەم رێککەوتنە، گرووپێکی هەکر، کە سەربە دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، دزەیان کردۆتە سیستەمی کۆمپیوتەری گرووپە هەکرەکانی کۆماری ئیسلامی و ژێرخانی ئەوانیان بۆ هێرشکردنە سەر زیاتر لە 35 وڵات، لەوانە ئەمریکا و بەریتانیا بە خراپی بەکارهێناوە.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین