ئەمریکا:  ئێران لە گفتوگۆکاندا جددی نییە ئێران

نوچه‌نێت

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەکەی ئێرانی بۆ دەستپێکردنی پیتاندنی ٦٠٪ی یورانیۆم بە کارێکی "دنەدەرانە" وەسف کرد و وتی ئەوە بەو واتایە دێت کە ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیێنا جددی نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ١٥ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی تەلەڤزیونی "ئێران ئەنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا، جەختی کردەوە پێویستە ئەندامانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە شێوەی یەکگرتوو و یەکپارچە دژایەتی ئەو بڕیارەی ئێران بکەن.

بلینکن وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە هەم ئێران و هەم ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە کە ئامانجیان گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمییە وتی، "هەر دوو لایەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بە شێوەیەکی گونجاو چوونەتە ناو پرۆسەی گفتوگۆکان و لەو ئاراستەیەدا "چەندین ڕوانگەی بەرچاو" لە کۆبوونەوەی ڤیێنا تاوتوێ کران".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی بە مەبەستی سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام و دڵنیابوونەوە لە دەستپێڕانەگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ئەتۆمی، گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گرتنەبەری پرۆسەی دیپلۆماتیک "باشترین" چارەسەرە.

بلینکن جەختی کردەوە ئەمریکا بەڵێن دەدات پابەندی پرۆسەی دیپلۆماتیک بێت، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئێرانیش ئەو بەڵێنە دەدات یان نا.

هاوکات لەگەڵ هۆشدارەکەی ئەمریکا سەبارەت بە پیتاندنی ٦٠٪ی یورانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، سێ وڵاتی ئەورووپیی ئەو ڕێژەیە لە پیتاندنیان لە دەرەوەی پێداویستییە ناسەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی وەسف کرد.

گوتەبێژانی وەزارەتی دەرەوەی سێ وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسان لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد کۆماری ئیسلامیی هیچ پێویستییەکی بە پیتاندن لەو ئاستەدا نییە.

ئەو سێ وڵاتە ئەو هەنگاوەی ئێرانیان بە گۆڕانێکی جدی ناو برد و ڕایانگەیاند بەرهەمهێنانی یورانیۆم لەو ئاستەدا هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی لە بیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو هەنگاوەی ئێران ناکرێ وەک بەشێک لە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمی چاوی لێ بکرێت.

لەو بەیاننامەیەدا داوا لە ئێران کراوە دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکات و بە شێوەی جدی بەشداری بکات لە گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین