ئیسرائیل راوێژکارانی سەربازی ئێران دەکاتە ئامانج ئێران

نوچەنێت:

چەند مووشەکێکی ئیسرائیلی گەڕەکێکی لە دیمەشقی پایتەختی سووریای کردۆتە ئامانج، کە شوێنی مانەوەی راوێژکارانی سەربازی ئێرانی لێیە و دوو کەس کوژراوە.

رۆژی چوارشەممە (21/ شوبات/ 2024)، بی بی سی فارسی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، میدیای فەرمی سووریا دەڵێت، چەند مووشەکێکی ئیسرائیلی ناوچەی "کفر سوسە" لە دیمەشقی پایتەختی سووریای کردۆتە ئامانج.

کفر سوسە، گەڕەکێکی بەتەواوی ئەمنییە لە باشووری رۆژئاوای دیمەشق، کە لەژێر چوادێرییەکی توند دایە. بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ماڵی بەرپرسانی باڵای ئەمنی و چەند نووسینگە و بارەگای دامەزراوە هەواڵگرییەکان و ناوەندێکی کلتووری ئێران لەم گەڕەکەدا بوونی هەیە.

میدیاکانی ئێرانیش ئەم هێرشەیان بڵاوکردۆتەوە و رایانگەیاند، دوو کەس لەم هێرشەدا کوژراون. 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا ئاماژەی بە کوژراو و بریندارەکان نەکردووە، بەڵام وێنەی شوێنی پێکانەکەی بڵاوکردووەتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سووریا کوژرانی دوو کەسی پشتڕاست کردۆتەوە.

ئەو بینایەی کە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە بووە، کۆمەڵگەیەکی نۆ نهۆمییە و نهۆمی چوارەمی لەلایەن چەند مووشەکێکەوە کراوەتە ئامانج.

بەگشتی حکومەتی ئیسرائیل هێرشەکە بۆ سەر ناوچەکانی سووریا نە پشتڕاست دەکاتەوە و نە رەتی دەکاتەوە، بەڵام میدیا ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن، کە هێرشەکان کاری سوپای ئەو وڵاتە بووە.

ئیسرائیل چەندین جار رایگەیاندووە، کە رێگە نادات ئێران لە سووریا چالاک بێت.

ئێرانیش دەڵێت، چالاکی راوێژکاری لە سووریا هەیە و هێزەکانیشی لەسەر بانگهێشتی حکومەتی بەشار ئەسەد، لە سووریا ئامادەن.

سەرچاوە: بی بی سی فارسی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین