وەزیری نەوتی ئێران: تەقینەوەکانی بۆری گازی سەرتاسەری پیلانی ئیسرائیل بوو ئێران

نوچەنێت:

وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، تەقینەوەکانی بۆری گاز سەرتاسەری وڵات لە نزیک بروجن، "پیلانێکی ئیسرائیل" بووە.

رۆژی چوارشەممە (21/شوبات/2024)، العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: دوژمن بەنیاز بووە، کەرتی گازی ناوخۆیی بۆ ماڵان تووشی کێشە بکات.

لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر چەند خاڵێک بەدرێژایی دوو بۆری سەرەکی گاز لە پارێزگاکانی فارس و چەهار محال و بەختیاری، دابینکردنی گاز بۆ هاوڵاتیان، بینا حکومییەکان و کارگە گەورەکان، لە لانیکەم پێنج پارێزگا لە سەرانسەری ئێران پچڕا.

شارەزایانی وزە مەزەندە دەکەن، کە هێرش بۆ سەر ئەو بۆرییانە کە هەریەکەیان نزیکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر درێژیەکەیەتی و رۆژانە دوو ملیار پێ سێجا گازی سرووشتی دەگوازێتەوە، نزیکەی 15٪ی بەرهەمهێنانی رۆژانەی گازی سرووشتی ئێرانی پەکخست و تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرت.

پێشتریش رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی رۆژئاوایی و ستراتژیستێکی سەربازی لە ئێران، رۆژی شەممە نووسیبووی ئیسرائیل لە پشت ئەم هێرشەوە بووە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین