رۆیتەرز: ئێران نزیکەی 400 مووشەکی بالیستی داوەتە رووسیا

نوچەنێت:

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ناوی ئاشکرا نەکرد، رایگەیاندووە، ئێران ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستیکی بەهێزی بۆ رووسیا دابین کردووە.

رۆژی پێنجشەممە (22/ شوبات/ 2024)، ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتی رۆیتەرز، بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە، کە تەنیا وەک بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ناسێندرابوون، تاران نزیکەی 400 مووشەکی بالیستیک کە بە شێوەیەکی سەرەکی مووشەکی فاتیح - 110 و مووشەکی کورت مەودای زوڵفەقار لەخۆدەگرێت، رادەستی رووسیای کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازی لە ئێران نوسیویەتی، لانیکەم چوار باری مووشەک رادەستی رووسیا کراوە و لە چەند هەفتەی داهاتووشدا باری زیاتر رەوانە دەکرێت.

سەرچاوەیەکی دیکەی ئێرانی رۆیتەرز، رایگەیاند: ناردنی ئەو بارانە لە سەرەتای ساڵەوە بووە، دوای کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی سەربازی و ئەمنی ئێران و رووسیا لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو.

بەرپرسێکی دیکەی ئێران دەڵێت: باری زیاتر لە رێگایە. هیچ هۆکارێک نییە بۆ شاردنەوەی. "ئێمە لە (رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە) دەتوانین بۆ هەر وڵاتێک، کە بمانەوێت چەک هەناردە بکەین.

سنووردارکردنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەناردەکردنی هەندێک مووشەکی دروستکراوی ئێران، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای سەربازیی دیکە لە مانگی تشرینی یەکەم کۆتایی پێهات.

داواکاری گشتی ئۆکرانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی کە کۆریای باکور دابینی دەکەن بۆ رووسیا لە بەرەکانی شەڕدا جێی متمانە نەبوون و لە کۆی 24 مووشەک تەنها دوو مووشەک ئامانجەکانیان پێکاوە.

لەبەرامبەردا جێفری لوئیس، شارەزا لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان، میدلبری لە مۆنتەری رایگەیاند، لە جۆری مووشەکەکانی فاتیح-110 و زوڵفەقار، لە چەکە دەقیقەکانن (زۆر وورد لە پێکانی ئامانج).

سەرچاوەیەکی سەربازی ئۆکراینی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کی-یف هیچ جۆرە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی دروستکراوی ئێرانی لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە لە شەڕەکان لە ئۆکراین تۆمار نەکردووە.

هەروەها دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، گەیاندنی مووشەکی بالیستی ئێرانی بۆ رووسیا، لە چەند هەفتەی رابردوودا پشتڕاستکردۆتەوە.

"گرگوری برو"، شرۆڤەکاری گرووپی ئۆراسیا، کە کۆمپانیایەکی راوێژکاری ریسکی سیاسییە، رایگەیاندووە، کە رووسیا هاوپەیمانێکی بەردەستە و "ئەم پەیوەندییە مامەڵەیەکی دوولایەنەیە، ئێرانیش لەبەرانبەر پێدانی درۆن، چاوەڕوانی هاوکاری ئەمنی و وەرگرتنی چەکی پێشکەوتووە، بەتایبەت فڕۆکەی مۆدێرن لە رووسیا دەکات".

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین