بڕياردەرى پێشووى ليژنەى دارايى لە پەرلەمانى عێراق: دەبێت بەغدا سێ مووچەکەی ساڵى برادوو بداتەوە بە مووچەخۆران کوردستان- عێراق

نوچەنێت

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، دەبێت سێ مووچەکەی ساڵی رابردوو بدرێتەوە بە مووچەخۆران.

 ئەمڕۆ يەكشەممە (25/ شوبات/2024)  بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق رايگەياند، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بووژانەوەی بازاڕی هەرێمی کوردستان بە هەموو کەرتەکانەوە دەبێت.

 سەفار ئاماژەى بە دوو خاڵی گرنگی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کرد؛ یەکەمیان ئەوەی کە بڕیاری داوە مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت، دووەمیان ئەوەی کە خاڵێکی زیاد کردووە بۆ کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرێک.

هەر سەبارەت بە کردنەوەی ئەو هەژمارە بانکییە، بڕیاردەرەکەی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دەبێت، کە بریتین لە بانکی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای)، بەڵام لقی دوو بانکەکەی یەکەم لە هەرێمی کوردستان نەماون، بۆیە پرۆسەکە لە بانکی بازرگانیی عێراق دەکرێت.

 وەکو ئەحمەد سەفار دەڵێت، پڕۆسەکە هەندێک کاتی دەوێت و تاوەکو تەواوبوونی، دەبێت مانگانە 12.67% بنێردرێت تاوەکو بودجە هەموار دەکرێتەوە.

 ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو گوتیشی، کردنەوەی ڤیزە کارت و هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران لە بانکەکە چەند کاژێرێک دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی کێشەیە، ئەوەیە کە دیار نییە بە دیاریکراوی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەندە. 

ئەو پەرلەمانتارەى پێشوو بە پێویستیشی دەزانێت، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کار لەسەر ئەوە بکەن پشکی هەرێمی کوردستان بکەوێتە سەر خەرجیی راستەقینە، چونکە ئەو کاتە بودجە ناچاری و لە هەموو بارێکدا خەرج دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین