ئەمەریکا و بەریتانیا (18) پێگەى حووسییەکان بۆردوومان دەکەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا ئۆپەراسیۆنێکى هاوبەش دژى حووسییەکانی یەمەن ئەنجام دەدەن، وەک کاردانەوەى بەرامبەر هێرشە بەردەوامی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور.

ڕۆژی یەکشەممە (25/شوبات/2024) ماڵپەڕی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، "ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشیان کردووەتە سەر (18) ئامانجی حوسییەکان لە هەشت شوێن، دامەزراوەکانی هەڵگرتنی چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و سیستەمی بەرگیری ئاسمانی و ڕادار و هەلیکۆپتەر ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بوونە."

لە ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکەى ئەمەریکا و بەریتانیادا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، "حوسییەکان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە (45) هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و دەریاییەکان ئەنجام داوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی جیهان، بۆیە وەڵامی نێودەوڵەتی دەکەن، هێرشەکان لە لایەن ئوسترالیا، بەحرەین، دانیمارک، کەنەدا، هۆڵەندا و نیوزلەنداوە واژۆکراوە".

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەڵێت، "ئەمەریکا دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ژیان و ئازادی لێشاوی بازرگانی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێگا ئاوییەکانی جیهاندا".

هەر سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنەکە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند "چوار فڕۆکەی هێزی ئاسمانی شاهانە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مەودا درێژیان کردۆتە ئامانج کە حوسییەکان بەکاریان هێناوە بۆ هەردوو ئەرکی گەڕان و هێرشکردن".

جگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاکلایەنەش هێرشی بۆ سەر پێگە و چەکی حووسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە و دەیان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە دەریای سوور خستە خوارەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین