خانەنشینانی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و ئێران  ناڕەزایەتییه‌كانیان ده‌رده‌بڕن ئێران

نوچه‌نێت

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١، جارێکی تر خانەنشینان و مووچەخۆران لە تاران و زۆربەی شارەکانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان. خانەنشینان لە تاران لە بەردەم پەرلەمان و لە شارەکانی تری ئێراندا لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و جەختیان کردەوە ناچنەوە ماڵەوە و هەر لەسەر شەقامەکان داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.


ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسان، ماڵپەڕی "ئەخبار روز" بڵاوی کردەوە خانەنشینان لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران و هەروەها لە چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان کۆبوونه‌ەوە. 
لە تاران پایتەختی ئێران خانەنشینان دوای کۆبوونەوە لە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەرەو ڕێکخراوی پلان و بودجە ڕێپێوانیان کرد و بە گوتنەوەی چەندین دروشم ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. 
لە چەند شارێکی تردا و لەوانە لە شاری کرمان خانەنشینانی ناڕازی دوای کۆبوونەوە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، چوونە ناو بیناکەوە. لە چەند شارێکیشدا خانەنشینان سفرە بەتاڵەکانیان وەک نیشاندانی هەژاری و بەتاڵبوونی سەر سفرەکانیان لە بەر دەرگای بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ڕاخست. 
خانەنشینانی ئێران داوای بەرزکردنەوەی مووچەکان بە پێی بەرزبوونەوەی نرخەکان، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵی بەرپرسان و هەروەها ئازادکردنی هاوپیشەکانیان دەکەن کە بە تۆمەتی خۆپیشاندان لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین