ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی: ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی کەمکردۆتەوە ئێران

نوچەنێت:

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، ئێران لەماوەی سێ مانگی رابردوو، هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە چڕی 60% کە نزیکە لە ئاستی پیتاندن بۆ چەکی ئەتۆمی کەمکردووەتەوە.

رۆژی سێشەممە (27/ شوبات/ 2024)، رادیۆفەردا، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بە پێی راپۆرتی نوێی ئەمینداری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە لە نۆ لاپەڕەدا، کە ئەوڕۆ پێشکەش بە دیپلۆماتکاران کراوە، رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە رێژەی چڕی 60% بە بەراورد بە مانگی یازدەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 5% کەمی کردووە.

ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ هەنگاوێک بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە میانەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان گرووپە بە میلیشیاکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لێکبدرێتەوە.

رافائل گەڕووسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە ماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو، هەرچەندە ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە چڕیی 60%، بەڵام پێدەچێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە خێراییەکەی کەم کردبێتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، چاودێری ئەتۆمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە کۆگای مەزەندەکراوی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو گەیشتووەتە 27 هێندەی ئەو ئاستەی کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دا دیاری کراوە.

لەم راپۆرتە نهێنییەدا کە لەلایەن ئەم ئاژانسە هەواڵییەوە بینراوە، کۆی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە رێژەیە جیاوازەکان، تا 10ی مانگی رابردوو، بە زیاتر لە پێنج هەزار و 525 کیلۆگرام مەزەندە دەکرێت، بە بەراورد لەگەڵ دوایین راپۆرتی وەرزی مانگی یازدەی ساڵی رابردوو، (نزیکەی سێ مانگ پێش ئێستا) هەزار و 38 کیلۆگرام زیادی کردووە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، ئێران زیاتر لە 712 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا 20% و زیاتر لە 121 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا 60%ی، هەیە.

هەر بە پێی ئەم راپۆرتە، چاودێری ئەتۆمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە، لە زیادبوونی توانا تەکنیکییەکانی تاران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەربڕی، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز هاوکات، لە زاری دیپلۆماتێکی باڵای ئێرانەوە رایگەیاندووە، کە ئێران لە ئێستادا مانگانە نزیکەی نۆ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% بەرهەم دەهێنێت.

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، مەزەندە دەکرێت، ئاستی بەرهەمی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە رێژەی 60% گەیشتووەتە زیاتر لە 121 کیلۆگرام، کە بە بەراورد بە سێ مانگ پێش ئێستا، 6.8 کیلۆگرام کەمی کردووە.

چەند رۆژ پێش ئێستا رافائیل گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا بەم ئاژانسەی رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی مانگانەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، حەوت کیلۆگرامە لە مانگێکدا.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین