سه‌ركرده‌كانى سه‌ر به‌ ئێران له‌ زافر ئەلعانی تووڕه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

قسەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی "زافر ئەلعانی"، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی عەرەب لە قاهیرە، تووڕەیی ژمارەیەک لە سیاسەتوانانی عێراقی نزیک لە ئێرانی لێکەوتووەتەوە و داوایان کردووە لە پەرلەمان دەر بکرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئێران وایەر" بڵاوی کردووەتەوە، ئەلعانی لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی پەرلەمان، سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و پێویستی ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بواری دۆسیەی ڕفێندراوە عێراقییەکان و گواستنەوەی دانیشتوانی شاری جورف سه‌خه‌ر بە شێوەی زۆرەملێ لە لایەن میلیشیاکانەوە وتبووی: "ڕێکخراوە یاساییەکان بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق ناکەن. مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا لە لایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە کە بە شێوەی ناڕەوا لەژێر ناوی حکومەت چالاکی دەکەن، پێشێل دەکرێن".

ئەلعانی هەروەها وتبووی هیچ زانیارییەک دەربارەی چارەنووسی ١٠ هەزار هاوڵاتی سوننەی ڕفێندراو لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراقدا لەبەر دەست نییە و تەنانەت خێزان و که‌سوکاریان مافی بە خاکسپاردنی تەرمی ئازیزەکانیشیان پێ ڕەوا نابیندرێ.

بەشداربووان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تەشرینی یەکەمیش دەڕفێندرێن و بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی دەیانترسێنن و ڕابەرە گەنجەکانی ئەو بزووتنەوەش مەترسی کوشتنیان لەسەرە.

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە درێژەدا وتبووی: "میلیشیاکان ڕێگری لە گەڕانەوەی ١٠٠ هەزار هاووڵاتی عێراقی بۆ ماڵەکانی خۆیان لە جورف سه‌خه‌ر دەکەن. لە شارەکانی تری عێراقیش سیاسەتی گۆڕانی دیموگرافی جێبەجێ دەکرێ. هاووڵاتیانی مەدەنی عێراق بە ڕۆکێتی "کاتیوشا"ی ئێرانی دەکرێنە ئامانج. عێراقییەکان باجی پەیوەندییە نادیارەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەدەن. پێویستە ئەو گرووپە چەکدارانە بکەونە لیستی تیرۆرەوە و وەک گرووپی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت".

ئێستا ئەلعانی لەبەر ئەو قسانە ڕووبەڕووی سەکۆنە و تووڕەیی هەندێ لە نوێنەرانی نزیک لە ئێران بووەتەوە.

حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە ڕابەرانی ڕەوتی "سەدر" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێکی فەرمیی، هەڵوێستی ئەلعانی بە پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی تاقم و دەستەیەک وەسف کرد و جەختی کردووەتەوە کە پێویستە ئەلعانی لە پەرلەمان دەر بکرێت. جگە لە کەعبی، "خەله‌ف عەبدولسەمەد" سەرۆکی " فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا" لە پەرلەمانی عێراق لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر داوای کرد متمانەی پەرلەمانی لێ وەربگیردرێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، هاوپەیمانی "هێزە سوننەکانی عێراق" لەپەرلەمانی ئەو وڵاتە، هێرشەکان بۆ سەر ئەلعانی بە دڕندانە ناوبرد و وتوویەتی ڕاگەیێندراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دژی ئەلعانی، "پشتیوانی لە ستەمکار لە دژی ستەملێکراو" بە ئەژمار دێت.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین