ئەبتەحی: سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکرد ئێران

نوچەنێت:

دواجار دوا بەشداریکردن لە دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتی، هەواڵی بەشداری نەکردنی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، پشتڕاستکرایەوە.

رۆژی شەممە (دووى ئادار/2024)، رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە محەممەد عەلی ئەبتەحی، بەرپرسی ئۆفیسی محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، بە پشتراستکردنەوەی هەواڵی دەنگ نەدانی خاتەمی،لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی "رەنگە تاکە رێگە بۆ بیستنی قسەی دڵسۆزانە"ی خاتەمی دەنگنەدان بووبێت.

ئەبتەحی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "خاتەمی دژایەتی هەڵبژاردنەکانی دوێنێ نەکرد" و "هەر کەسێک بە جۆرێک" بەدوای ئەوەوە بوو دەنگی ببیسترێت.

دوای ئەوەی وێنەی ئامادەبوونی خاتەمی لە بنکەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی هەر دوو ئەنجومەنەکە، کە رۆژی دوێنێ هەینی 1ی ئادار بەڕێوەچوو، بڵاونەکرایەوە، گریمانەیەک ئەوە هەبوو، کە رەنگە دەنگ نەدات.

ئازەر مەنسووری، بەرپرسی بەرەی چاکسازی و ئەمینداری گشتی پارتی یەکێتی گەلی ئێرانی ئیسلامی، ئێوارەی هەینی جەختی کردەوە، کە محەمەد خاتەمی بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکردووە.

مەنسووری دەشڵێت "خاتەمی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی نەدا و "پێشتر لە ستراتیژی بەرەی چاکسازی ئێران لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی کردبوو.

بەشداری نەکردنی خاتەمی لە هەڵبژاردنەکان دەگمەنە و هەرچەندە پێشبینی دەکرا لە ساڵی 2012 و دیکەدا بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکات، بەڵام ئەمە رووینەدا و بووە هۆی ئەوەی رەخنەی توند و بەربڵاوی لێبگیرێت.

بەشداری نەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی لە هەڵبژاردنەکاندا دژی خواستی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانە، کە لە گوتارەکانیدا لە مانگەکانی رابردوودا بێ ئەوەی باس لە ناڕەزایەتی و سەرکوتکردنی بەربڵاوی ناڕازییان بکات، داوای بەشداری بەربڵاوی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرد.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین