هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر دەبن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

چاودێرانى سیاسى پێشبینى دەکەن، لە چەند کاتژمێرى داهاتوو ئەگەرى ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هەیە و لەوانەیە ڕێککەوتنەکە لە ماوەی (24) تا (48) کاتژمێری داهاتوودا ئاگربەست ڕابگەیێندرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (3/ئادار/2024) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، "ئاسۆ هەیە بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەستێکی کاتی لایەنی کەم بۆ ماوەی شەش هەفتە، چاوەڕێ دەکرێ شاندی حەماس و ئیسرائیل لە میسر بە ئامادەبوونی نوێنەرانى ئەمەریکا و قەتەر کۆببنەوە، بگەنە ڕێککەوتنێک و لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئاگربەست ڕابگەیێندرێت".

کاربەدەستانی میسر کە گفتوگۆکان لەگەڵ قەتەر بەڕێوە دەبەن دەڵێن، "چاوەڕوان دەکرێت شاندی حەماس و ئیسرائیل ئامادەی دانوستانەکان بن، بڕیاریشە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست چەندین بارمتەی ئیسرائیلی و زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد بکرێن، هەروەها هاوکاری بگەیەندرێتە فەڵەستین". 

چاوەڕوانییەکان بۆ ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی ئاگربەست دواى ئەوە دێت، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، "ئیسرائیل بە شێوەیەکی بنچینەیی ڕێککەوتووە لەسەر چوارچێوەیەک بۆ ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی". 

پێشتر وەزارەتی تەندروستی غەزە ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لانیکەم (30) هەزار و (410) کەس لەنێویاندا (21) هەزار منداڵ و ژن لە غەزە کوژراون، نزیکەی (7) هەزار کەس بێسەروشوێنن، (71) هەزار و (700) کەسیش برینداربوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین