خامنەیی: نابێ گفتوگۆکان زۆر درێژەیان پێ بدرێت ئێران

نوچه‌نێت

عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئيَران لە بەشێک لە قسەکانیدا بە بۆنەی هاتنى مانگی ڕەمەزان وێرای ئاماژەکردن بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان وتی پێویستە ئاگادار بین ئەو گفتوگۆیانە زۆر درێژەیان نەبێت و نەسوێنەوە. ئەو قسانەی خامنەیی هاوکاتن لەگەڵ سەفەری عەراقچی دیپلۆماتكاری ئێران بؤ ڤیێنا بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی خولێکی تر لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بە بۆنەی هاتنى مانگی ڕەمەزان قسەی کرد و وێرای ئاماژە کردن بە گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: "ئێمە لەو بارەوە قسەیەکمان نییە بەڵام پێویستە ئاگادار بین گفتوگۆکان حاڵەتی سووانەوە لە خۆ نەگرن و نابێ لایەنەکان زۆر درێژە بەو گفتوگۆیانە بدەن چونکە ئەوە زیان دەگەیەنێ بە وڵاتمان". 
عەلی خامنەیی وێرای ئاماژە کردن بە وڵاتانی ئەوروپیی وتی، "ئەو وڵاتانە دان بەوەدا دەنێن کە ئێران مافی هەیە بەڵام ئەو وڵاتانە لە کاتی بڕیاردان ناتوانن سەربەخۆ بن". 
خامنەیی سەبارەت بە پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی گەمارۆکان وتی، پێشنیارەکانی ئەو وڵاتە "زۆربەیان لووتبەرزانەن و سوکایەتیکردنە و تەنانەت شیاوی ئەوە نین چاویشیان لێ بکرێ". 
ئەو قسانەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی هاوکاتن لەگەڵ سەفەری عەباس عەراقچی، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتکاری باڵای ئەتۆمی ئێران بۆ ڤیێنا بە مەبەستی درێژەپێدان بە گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. 
عەراقچی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی نیسان لەگەڵ چەند نوێنەری وەزارەتی نەوت و بانکی ناوەندی گەیشتنە ڤیێنا و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئەندامانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە شێوەی دوو لایەنە و چەندلایەنە گفتوگۆ بکەن. 
یەکشەممەی ڕابردوو بە ڕوودانی تەقینەوەیەک دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز لە کار کەوتن و بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی زیانی گەورەیان پێگەیشت. 
ئیسرائیل تۆمەتبار کرا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە. چەند کەسایەتییەکی نزیک لە سوپا و بناژۆخوازەکان وەک بەرپةرچدانەوەیەک لە بەرانبەر ئەو هێرشە داوایان کردووە گفتوگۆکان کۆتاییان پێ بێت. بەڵام خامنەیی لە لێدوانەکانی ئەمڕۆی خۆیدا ئاماژەیەکی بەو هێرشە نەکرد.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین