لە سێبەری جەنگ دا فەڵەستینییەکان ڕەمەزانیان دەستپێکرد عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌ نێت

هاوتا لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی تووندی ئەمنی لە لایەن ئیسرائیلەوە، بەردەوامی جەنگ، برسییەتی و وێرانکارییەکان، فەڵەستینییەکان مانگی ڕەمەزانیان دەستپێکرد.

ڕۆژی دووشەممە (11//ئادار/2024) ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاویکردەوە، "لەگەڵ بەردەوامی جەنگ، هەبوونی وێرانکارییەکان فەڵەستینییەکان ڕەمەزانیان دەستپێکرد، هەزاران پۆلیس لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم بڵاوکراونەتەوە، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژانە دەیان هەزار نوێژخوێن لە مزگەوتی ئەلئەقسا، کە یەکێکە لە پیرۆزترین شوێنەکانی ئیسلام ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێبکەن".

بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، ڕازاندنەوەی ئاسایی بۆ پێشوازیکردن لە مانگی ڕەمەزان لە فەڵەستین نەکراوە و فەڵەستینییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، "ئەمساڵ بڕیارماندا کە شاری ئۆرشەلیم لەبەر ڕێزگرتن لە خوێنی منداڵەکانمان، پیران، شەهید، و قوربانییەکانمان نەڕازێنینەوە".

پۆلیسی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا گوتی، " بەردەوام دەبین لە کارکردن، ڕێگەدان، و ڕێزگرتن لە ئەنجامدانی نوێژەکان لە ڕەمەزان دا  لە هەمان کاتدا ئاسایش و سەلامەتی لە ناوچەکەدا دەپارێزین".

لە پەیامێکی ڕەمەزاندا بۆ موسوڵمانەکان لە ناوخۆی ئەمەریکا و وڵاتانی جیهان دا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەڵێن دەدەم بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان بۆ یارمەتیدانی مرۆیی بۆ غەزە، ئاگربەست و سەقامگیری درێژخایەن بۆ ناوچەکە".

ئەگەرچی ڕۆژانە ژمارەی شەهید و قوربانییەکان بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە لە بەرزبوونەوە دایە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی گفتوگۆکانی ئەم دواییە بەتایبەت سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ مانگی ڕەمەزان ڕانەگەیێندراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین