مامۆستایەکی ئایینی شیعە بە دانانی بارمتە ئازاد دەکرێت ئێران

نوچەنێت:

میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە محەمەد تەقی ئەکبەرنژاد، پیاوی ئایینی رەخنەگر لە حکومەت کە ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری قوم دەستگیرکرابوو، "بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە".

ڕۆژی یەکشەممە (10/ئادار/2024) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی شەرق ئەمڕۆ بڵاویکردۆتەوە، کە محەمەد تەقی ئەکبەرنژاد، پیاوی ئایینی رەخنەگر لە حکومەت کە ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری قوم دەستگیرکرابوو، "بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە".

محەمەد تەقی ئەکبەرنژاد، مامۆستای حەوزەی علمیەی قوم (خوێندنگەی تایبەتی ئایینی شیعە) زیاتر لە مانگێکە لەلایەن هێزی هەواڵگری سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەکبەرنژاد گوتوویەتی، دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی 14 رۆژ لە زیندانی تاکەکەسی لە ناوەندە ئەمنییەکان راگیراوە و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، گوشاریان لەسەر دروست کردووە.

ئەم مامۆستایەی حەوزەی علمییەی قوم، لە بەرنامەیەکی ڤیدیۆیی لە ژێر ناوی "رەخنە و مشتومڕ لە گوتار و ستراتیژ و هەڵوێستی ئیمام خومەینی" ڕەخنەی لە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی حکومەت گرتووە. لەو مشتومڕەدا، وێڕای رەخنەگرتن لە "ئەدەبیاتی گرژی" و "خۆهەڵکێشان"ی ئایەتوڵڵا خومەینی، دەڵێت، کە "لە دونیا تێنەگەیشت، ئەگەر تێگەیشتبایە، وڵاتی بەو ئاراستەیە نەدەبرد". ئەکبەرنژاد سەپاندنی هەشت ساڵ شەڕ بەسەر وڵاتدا، وەک یەکێک لە نموونەکانی قسەکانی خۆی هێنایەوە.

ئەکبەرنژاد هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمڕۆ پیاوانی ئایینی بەیاننامەی "ئێمە ئێرانمان بۆ ئیسلام دەوێت" بخەنە گشتپرسییەوە، زیاتر لە 20%ی دەنگەکان بەدەست ناهێنێت.

هەر لەو چوارچێوەی رەخنەگرتنەیدا، لە ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا گوتی: "22ی بەهمەن رەمزی نکۆڵیکردن لە ئازادی و کۆمارییە".

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین