ئێران و چین و رووسیا مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش بەڕێوەدەن ئێران

نوچەنێت:

ئێران و چین و رووسیا مانۆڕێکی هاوبەش بە رێوە دەبەن و بۆ ئەو مەبەستەش، گروپێک لە کەشتییە سەربازییەکانی رووسیا گەیشتنە ناوچەکە بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕێکی هاوبەشەکە.

رۆژی دووشەممە (11/ ئادار/ 2024)، یۆرۆنیۆز لە هەواڵێکدا بڵاویکردۆتەوە، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەرگری رووسیا، بڕیارە ئەم مانۆڕە لە ئەمڕۆ (سێشەممە) لە ئاوەکانی "دەریای عەممان و دەریای عەرەبی" دەستپێبکات، لەژێر ناونیشانی " پشتێنەی ئاسایشی دەریایی 2024" بەڕێوەدەچێت، جگە لە کەشتییە دەریاییەکان، هێزی ئاسمانیش بەشدار دەبێت.

بڕیارە نوێنەری وڵاتانی پاکستان، کازاخستان، ئازەربایجان، عەممان، هیند و ئەفریقای باشوور وەک چاودێر لەم مانۆڕەدا ئامادە بن.

مۆسکۆ ئامانجی ئەنجامدانی ئەم مانۆڕەی وەک "دڵنیایی لە سەلامەتی چالاکی ئابووریی دەریایی" راگەیاندووە. میدیاکانی ئێرانیش، ئامانج لەم مانۆڕە "چەسپاندنی ئاسایش و بناغەکانی لە ناوچەکە و فراوانکردنی هاوکارییە فرەلایەنی نێوان وڵاتانی بەشدار و نیشاندانی نیازپاکی و توانای ئەم وڵاتانە، بە ئاراستەی پشتیوانی هاوبەش لە ئاشتی جیهانی، ئاسایشی دەریایی" و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دەریایی بە داهاتوویەکی هاوبەش رایگەیاند.

ئێران، رووسیا و چین ساڵی رابردووش مانۆڕێکی هاوبەشیان لە نزیک بەندەری چابەهاری ئێران ئەنجامدا.

هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ رووسیا لە ماوەی مانگەکانی رابردوو، بە تایبەت لە کاتی لەشکرکێشی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، پەرەی سەند.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین