فاینەنشیاڵ تایمز: ئێران و ئەمریکا بە نهێنی دانوستانیان دەستپێکردووە ئێران

نوچەنێت:

رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز، خولێکی نوێی دانوستانی نهێنی ئێران و ئەمریکای لە عەممان بۆ پێشگرتن لە هێرشی حوسییەکان و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند.

رۆژی پێنجشەممە (14/ ئادار/ 2024)، رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز، خولێکی نوێی دانوستانی نهێنی ئێران و ئەمریکا لە عەممان بۆ راگرتنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کرد.

بەپێی ئەم راپۆرتە کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، دانوستانەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئەنجام دراون. ئەمەش یەکەمین دیداری بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و ئەمریکایە لە دوای 10 مانگ لە راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەکان.

بە پێی گوتەی بەرپرسانی ئاگادار رایگەیاندووە، کە برێت مەکگۆرک، راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ئەبرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لەگەڵ عەلی باقری کنی، جێگری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران، دانوستانیان کردووە.

ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و بەرپرسانی عەممان، گەیەنەری پەیامی لایەنەکانیان بۆ یەکتر.

کەسێکی ئاگادار لە دانوستانەکانی عەممان بە رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی راگەیاندووە، کە کاربەدەستانی ئەمریکا کەناڵی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بە رێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ژمارێکی زۆر لە هەڕەشەکانی ئێران، بە سوود دەبینن؛ بۆ ئەوەی تەشەنەسەندنی شەڕ و ململانێی گەورەتر دوور بکەونەوە.

هەروەها بەرپرسێکی ئێرانی بە رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی راگەیاندووە، ئێران ناتوانێت هیچ شتێک بە سەر حوسییەکاندا بسەپێنێت، بەڵام دەتوانێت دانوستانیان لەگەڵ بکات.

ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکای حوسییەکانەوە هاوپەیمانییەکی سەربازییان لە دژیان پێکهێناوە، بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن، لەسەر ئەو بۆچوونەیە، کە کردەوەی سەربازی بە تەنیا رێگر نابێ و پێویستی بە فشاری ئێران لە سەر حوسییەکانە، بۆ ئەوەی هێرشەکان رابگرن.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین