شێرزاد هه‌ینى : رۆمان هه‌یه‌ نیوه‌ى ته‌مه‌نى بردووم کولتوور

دیمانه‌ى: لاڤین عومه‌ر

شێرزاد هه‌ینى نووسه‌ر و وه‌رگێڕى به‌ناوبانگى كورد تا ئێستا 118 كتێبى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕى "نوچه‌نێت" باس له‌ رۆمانه‌كانى ده‌كات و به‌ تایبه‌تى دوایین رۆمانى كه‌ به‌ ناوى "پۆسته‌چییه‌كه‌ى نیرۆدا" وه‌ریگێڕاوه‌. جیا له‌مه‌یش باس له‌ دوایین كاره‌كانى رۆمانى "هه‌ولێر" ده‌كات كه‌ تا ئێستا 12 به‌رگى لێ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.


مامۆستا شیرزاد لە زۆر بوار کتێب وەردەگێرێت، بەڵام دەگوترێت باشترە خۆی بۆ رۆمان تەرخان بکات چونکە زمانێکی سادە و جوانی هەیە، سەرنجت لەسەر ئەم بۆچوونە چییە؟

زمانی رۆمان دەستەواژەی زۆرە و سەختە، بەڵام رۆمانی سادەش هەیە. رۆمانی سادەش زۆرە بە تایبەت ئەو رۆمانانەی من، دەقی وشک و ئاڵۆزی تێدایە بەتایبەت رۆمانێکم وەرگێرا زۆر لە مێژە بە ناوی چیرۆکی خۆشەویستی تاریکی نووسەری ئیسرائیلی بەناوبانگ عامس عوز ساڵێک و نیوه‌ی تەمەنمی برد کە تێیدا تەرخانم کردبوو، زۆریشی ماندووى کردم. ئەو کاتیش ئەنتەرنێت و گۆگل ئەوشتانە نەبوو بۆیە زەحمەتێکی زۆرم کێشا دەقێکی زۆر سەخت بوو دەستەواژە و جیاوازی و لێکچوون ودووبارە و ئەوشتانەی زۆر تێدابوو. بەڵام هەندێ دەقیش هەیە کە وەرمگێراون ئاسانترە و سادەترە و هەندێ نووسەریش هەیە،  بۆ نموونه‌ رۆمانه‌کانی علی بەدرم وەرگێراوە هەندێ دەقی هەیە ئاڵۆزە و دەستەواژەی تێدایەو  کارەکتەرەکان هەر لەناو یەک پەرەگرافێكدا دوو سێ جار دەگۆرێن ئەوەش ماندووت دەکات. ئێستا رۆمانی ژنێکی سرک رۆماننووسی عێراقی ئینعام کەچکچی رۆژنامەنووسێکی ناوداری عێراقیە، لە پەنجاکان لە عێراق بەغداد لەدایکبووە ئێستا لە ئەوروپا دەژی یەک دوو رۆمانی هەیە بەڵام ئەوەیان هەر خۆشم لێم پرسی وتم ئینعام خان تۆ چۆن ئەو جورئەتەت کردووە یاخود چۆن ئەو بێ ویژدانیەت کردووە بەیەکجار سێ پاڵەوان دەهێنیتە ناو دەقەکە هەر فاریزەیەکت دابنایە لە نێوانیان، پێکەنی و وتی شێوازی نووسینەکە وایە.
دیارە ئەوەش سەلیقە و خوێنەری خۆی دەوێ ماندووبونی خۆی دەوێ، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر رۆمانى "سەد ساڵ تەنیایی" ماركیز بكه‌یت ئه‌وا دەبێت قەڵەمت لا بێت ئیشارەی بکەی هەتا پاڵەوانەکان بزر و ون نەکەی و  دیالۆگه‌كان لەیەکتر جیا بکەیتەوە.

کۆمەڵێک کتێب بەم دواییانە بڵاو کراوەتەوە، ئێمە دەمانەوێت لەسەر رۆمانی پۆستەچییەکەی نیرۆدا قسەبکەین، هەڵبژاردنی ئەم کتێبە چۆن بوو؟ ئایا دەزگا پێشنیاری کردبوو یاخود خۆت هەڵتبژارد؟

کە گوێم لە پرسیارەکەت بوو یەکسەر شتێکم بیرکەوتەوە هەر بۆیە حەزم لەدیداری ئاوا راستەوخۆیە، چونکە لائیرادی شتێکت بیر دەکەوێتەوە.  كه‌ ئەو پرسیارەی بەرێزتانم گوێ لێ بوو یەکسەر گەڕامەوە رابردوو ئێمە خوێندکار بووین لە بەغداد لە شارع سەعدوون بووین لە تەحریر بووین ئیتر هەر شوێنێک کە بمانویستایە پیاسه‌كمان تێدا ده‌كرێت رۆژێك لەتیف هەڵمەتمان بینی، ئێمە یەک دوو گەنجی هەولێری بووین بەیەکەوە هەڵمەتیش ئەو کات سەرباز بوو لە بە‌غداد پیاوێکی به‌ رواڵه‌ت  شڕ بوو، عەبەسی بوو.
کتێبێکی پێبوو بە ناوی یاداشته‌كانى  نیرۆدا، دیاره‌ بیره‌وه‌رییه‌كانى پابلۆ نیرۆ بوو ، کتێبێکی گەورە بوو هه‌ڵمه‌ت هه‌ندێك جار لەسەر شانی خۆی داده‌نا وهەندێ کات بەدەستیەوەى دەگرت ئێمەش له‌گه‌ڵ باسى شیعره‌كانمان ده‌كرد كه‌ تازه‌ بوو دیوانى ""پرچی ئه‌و کچه‌ ڕه‌شماڵی گه‌رمیان و کوێستانمه"چاپکرد بوو دەنگی دابووەوه‌ خەڵک دەیناسی . پێمان وت ئەو کتێبە چییە وتی ئێوەش ئەو کتێبە بخوێنەوە ئەو پیاوە پیاوێکی گرنگە ناوی نیرۆدایە، پیاوێك بووە پیاوی سیاسەت و چەپ بووە لەسەر سێکس و ژن و جوانی و زۆر شتی تر.

ئەو بیره‌وه‌رییه‌م هەر لە خەیاڵ مابوو ، بەرێکەوت خۆم پۆستەچییەکەی نیرۆدام بە زمانى عه‌ره‌بی بینی کەسیش داوای لێنەکردبووم، خوێندمەوە و یاخود بیری لێبکەمەوە لەبەر ئەوەی نیرۆدا کەسێکی گرنگ بووە  بابەتەکەش سەرنجڕاکێش بوو پۆستەچییه‌کە و نێرۆدا ، کە تەنیا یەک که‌س لە گوندێکدا پۆستی بۆ دێت و پۆستەچیەکە پێشتر ماسیگر بووە لە ماسیگریی بێزارە و بەدوای کاردا دەگەڕێت. بەرێکەوت دەبینێت داوای کەسێک دەکرێت بۆ پۆستبردن ئەویش دەڕوات و دەڵێت دەمەوێ ببم بە پۆستەچی کوڕێکی گەنجی شانزە ، حده‌ڤە ساڵە ئەوانیش دەڵێن کاکە ئێمە ئیـشمان زۆر کەمە یەک کەس پۆستی بۆ دێت لەو گوندە، بەڵام هەموو رۆژێک پۆستەکەی جانتایەکە دەپرسێت کێیە پیی دەڵێن شاعیرێکە .

ئیتر نامەوێ بچمە ناوەڕۆکی رۆمانەکە خوێنەر خۆی دەیبینێ، بەڵام بەرێکەوت نەبووە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان من ئەو پیاوەم خۆش ویستوە و حەزمکردووە بیرەوەری رۆژانەی ئەو پیاوە بزانم ئەو نووسەرە خۆی کردە قوربانی ئەو میللەتە و بەرگریکردن لەخەڵکی زەحمەتکێش و خەڵکی چەپی وڵاتی شیلی .

رۆمانی پۆستەچی نیرۆدا لەساڵی ١٩٩٤ کراوەتە فلیم، ئایا فلیمەکەت بینیوە؟ ئەمانەوێت ئەوە بکەینە دەرفەتێک لە مامۆستا شێرزاد بپرسین پەیوەندی لەگەڵ سینماو سەیرکردنی فلیم چۆنە؟

وەڵا ئێمە وەک گەنجێکی شاری حەزمان لە سینه‌ما هەبووە و سینه‌مامان بینیوە و بەڵام لە وەختی خۆی سەربازەکان نیوە بلیتی خۆیان دەفرۆشتەوە، بەنیوە قیمەت ئێمەش لەوانمان دەکڕیوە و سەیری نیوەکەمان دەکرد، خۆشی و خۆشەویستی سینه‌ما ئەو کاتانە بوو کە نیوە بلیتمان دەکڕی و سەیری فیلمان دەکرد بۆ ئەوەی بزانین کوڕەکە یاخود کچەکە له‌ ناو فیلمه‌كه‌ چیان به‌سه‌ر دێ، ئەوە یەک، دووەم سینه‌ما یاخود فیلم حەزم لێی کردووە و سەیرم کردووە و زۆریشم سەیر کردووە، بەڵام ئێستا دوو ئیشکالم لا دروست بووە، یەکیان بە ڕاستی فیلم زۆر بووە و ناوی فیلم  و ده‌رهێنه‌ر و ئەوانە بۆ کەسێکی سەرقاڵی وەک من زەحمەتە. بەڵام ماوە ماوە دەمگرێ جاری وا هەیە لەگەڵ خێزانەکەم بەیەکەوە سێ چوار رۆژ بەس سەیری فلیم دەکەین، وەختی گەنجیمان لە ته‌له‌ڤزیۆنى عێراق هەفتەی جارێک فیلمێکی لێ ده‌دا، بە تامەزرۆوە چاوەرێ بووین ناوی پێشکەشكارەکەم ئێستایش لە بیرە "خه‌یریە حه‌بیب" بوو،  کە سەعات حەوت و نیو هەشت بوو چاوەروانمان دەکرد فلیمێک ببینین، ئه‌ویش پرۆگرامه‌كانى شه‌وى ده‌خوێنده‌وه‌. بەڵام ئێستا لە یەک خووله‌ك دەتوانی شەش حەوت فیلم بگۆری بەڵام دەزانم ئەوە کراوەتە فلیم بەس دەرفەتم نەبووە سەیری بکەم.

مامۆستا شیرزاد زیاتر لە ١١٠ کتێبی وەرگێراوە ئەگەر هەڵە نەبین لە رۆمانەکان بەکامەیان سەرسامەو کاریگەری لەسەر هەیە؟

کتێبە چاپکراوەکانم ئێستا  ژمارەیان ١١٨ کتێبە، بەڵام هەموویان وەرگێڕان نیین هەمووشیان یەک بابەت نیین هەندێکی بیرەوەرییە وهەندێکی رۆمانە و هەندێکی سیاسییه‌. کتێبکم وەرگێڕاوە لەسەر جوگرافیای کۆریای باشوور بۆ نموونە، کتێبكى ترم وەرگێراوە له‌سه‌ر ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ى ئەو لە جه‌نگى جیهانى رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواى له‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ کتێبەکانم هەموو وەرگێڕان نیین چوار کتێبم لەسەر بیرەوەری ژیانی خۆم نووسیوە ١٢ بەرگی رۆمانی هەولێرم نووسیوە و رەنگە یەکەم کەس بم یاخود نووسەر بم کتێبێکم لەسە بیناسازی نووسیوە، بایەخدان بە شێواز و هەتاو و بەرد و سێبەرو بنمیچەکانی خانوو. ئەمانە کە گرنگە بایەخێکی پیبدرێت ئه‌مه‌ نامیلکەیه‌کە بە ناوی "مەملەکەتی کەلاوەکان"له‌ ساڵى 1997 بڵاوم كردووه‌ته‌وه‌.

ماوەیەکە خەریکی زنجیرە رۆمانی خۆت بووی لەسەر هەولێر ئایا هیچ بەشێکی تری ماوە؟

هەتا ئێستا دروست خەڵکی نازانێت هەولێر تەمەنی چەندە، ئەو دەڵێت شەش هەزار ئەو  دەڵێت حەوت هەزار. دواتر ئەو کات هەولێر بچوک بوو ئێستا گەورە بووە من هەموو جار دەیگێرمەوە و ئەو کات لە شارەوانی بووم یەک دوو سەیارەی ئۆتۆمبیڵى زبڵ هەبوو، هه‌موو زبلى هه‌ولێریان كۆده‌كرده‌وه‌ دەیانبردە  نزیك گوندى قەتەوی بەتاڵیان دەکرد، بەڵام ئێستا هه‌ولێر به‌ هه‌موو شێوازێك شارە وخه‌لكى بیانى تێدایه‌ و ده‌نگ وره‌نگ و جووڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى تێدایه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ نووسینه‌وه‌ى رۆمانه‌كه‌م به‌هۆى شه‌ڕى داعش و ئه‌و ڤایرۆسه‌ى ئێستا كه‌ ئه‌ویش "داعشێكه‌" ساردبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌تا من مابم و نه‌فه‌س بده‌م، بەردەوام دەبم وە بەشی ١٣میش تەواو دەکەم چونکە خەڵکی چاوەرێن و ئەوە قەرزە دەبێت بیدەمەوە .
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین