بلینکن و گەڕووسی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە کۆدەبنەوە ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆبووەتەوە.

ڕۆژی شەممە (16/ ئادار/2024)، بی بی سی لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە نەمسا، لەگەڵ رافائل گەڕووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و دۆخی وێستگەی ئەتۆمی زاپارووژیا لە ئۆکراین.

بلینکن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئامانجی لەم دیدارە لێکدانەوەی رێگاکانی پشتیوانی ئەمریکا لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ هاندانی ئێران لە هاوکاری تەواوەتی لەگەڵ ئەم ئاژانسە. 

بە گوتەی بلینکن، پەیامی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بۆ ئێران ئەوەیە، کە لە پەرەپێدانی "توانای پیتاندن و چالاککردنی سانترفیوژی زیاتر و پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم" دەست هەڵبگرێت.

بلینکن دەشڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانم بۆ ئەم ئاژانسە، هەوڵەکانی ئاژانسەکە بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامی چاودێریکردن، پشتڕاستکردنەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکانی پاراستن و پابەندبوونەکانی ئێران، بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی تاوتوێ بکەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها نیگەرانی خۆی لە ئەگەری هەناردەکردنی مووشەکی بالیستی لە ئێرانەوە بۆ رووسیا دەربڕی و رایگەیاند: پەیامێکی روونمان بۆ ئێران ناردووە، کە ئەم کارە نەکات. ئەم بابەتە لە نێوان ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی، بە وردی باس کراوە و پێموایە نیگەرانی لە ئەگەری هەناردەکردنی ئەو مووشەکانە جدییە و پابەندبوونی (ئێمە و هاوپەیمانەکانمان) بۆ کاردانەوە بە ئەم کارە، ئەگەر پێویست بکات، جددییە.

قسەکانی بلینکن لە کاتێکدایە، کە جی7 رۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا هۆشدارییان بە ئێران دا سەبارەت بە ناردنی مووشەکی بالیستی بۆ رووسیا. لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیا بنێرێت، "رێوشوێنی جددی" دەگرنەبەر. لە نێو ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەبەرچاو گیراوە، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ئایر بۆ وڵاتانی ئەوروپی.

ئاژانسی رۆیتەرز، مانگی رابردوو گواستنەوەی لانیکەم 400 مووشەکی کورت مەودای فاتح-110ی بۆ رووسیا بڵاوکردەوە، بەڵام کۆشکی سپی رایگەیاند، نەتوانراوە ئەم هەواڵە پشتڕاست بکەنەوە.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین