قائانی: ئێران هیچ خواستێکی بۆ چوونەناو شەڕی حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل نییە ئێران

نوچەنێت:

رۆیتەرز دەڵێت، فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران لە دیداری لەگەڵ ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئێران هیچ خواستێکی بۆ چوونە ناو ململانێ و شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل نییە.

رۆژی شەممە (16/ئادار/ 2024) دویچەولە لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی هەینی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە "حەوت سەرچاوە"ی خۆی، راپۆرتێکی لەسەر دیداری حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، کە قائانی، لە سەردانی ئەم دواییەی بۆ لوبنان، لە گفتوگۆی لەگەڵ نەسروڵڵا، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئێران هیچ خواستێکی بۆ چوونە ناو ململانێ و شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل نییە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لەم دیدارەدا حەسەن نەسروڵڵا "دووجار" بە ئیسماعیل قائانی راگەیاندووە، کە "ئەمە رووبەڕووبوونەوەی ئێمەیە" و "دڵنیایی"ی پێداوە، کە نیازی نییە ئێران لە شەڕی ئیسرائیل یان ئەمریکا تێوەبگلێنێت و حزبوڵڵا "تەنیا" شەڕ دەکات.

رۆیتەرز هەروەها دەڵێت، ئەم سەردانە لەدوای هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سێیەمین سەردانی قائانییە بۆ بەیروت دادەنرێت و قائانی لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ نەسروڵڵا لەبارەی لێکەوتەکان، کە لە رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئێران هەیەتی قسەی کردووە.

بە پێی راپۆرتەکە، سێ لەو حەوت سەرچاوەی ئەم ئاژانسە، کەسانی "لە ناو بازنەی دەسەڵات"ی کۆماری ئیسلامی بوون.

بەگوێرەی ئەو سێ سەرچاوەیە، تەوەری گفتوگۆی نێوان نەسروڵڵا و قائانی، ئەگەری شەڕێکی تەواو عەیار لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان بووە. ئەگەر هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل بەردەوام بێت. رۆیتەرز دەڵێت "سەرچاوەکانی دیکەش ئەم بابەتەیان پشتڕاست کردووەتەوە".

پێشتریش ئەم ئاژانسە هەواڵییە پاش ماوەیەکی کەم لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، لە دیدارەکەی لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی دەفتەری سیاسی حەماس، لە سەردانەکەی بۆ تاران، لە بێ ئاگایی تاران، لەو هێرشەی حەماس، راگەیاندووە. ناوبراو گوتوویەتی، کە ئێران هیچ خواستێکی بۆ چوونە ناو ئەم شەڕە نییە، بەڵام تەنیا بە "پشتیوانی ئەخلاقی و سیاسی" خۆی بۆ حەماس و خەڵکی غەززە درێژە دەدات.

ئاژانسی رۆیتەرز هەروەها لە زاری "دوو سەرچاوەی نزیک لە بۆچوونەکانی تاران"ەوە رایگەیاند، کە هەم ئێران و هەمیش حزبوڵڵا، ئاگاداری دەرئەنجامەکانی شەڕێکی تەواوعەیار لە لوبنان، کە ئەگەری ئەوەی درێژببێتەوە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش، هاوڕان.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین