تورکیا هەوڵی دامەزراندنی چوارچێوەیەکی هاوکاری هاوبەش لەگەڵ ئێران و عێراق دەدات ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئێران و عێراق و تورکیا رەنگە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ئابوورییەکان و هاوکاری ئەمنی دروست بکەن.

رۆژی سێشەممە (19/ئادار/2024) ایسنا لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک رایگەیاند: عێراق پێویستی بە [هاوکاری ئابووری] هەیە و ئێران دەتوانێت لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنیشدا بەشداری بکات. کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبینەوە، لەبارەی عێراق و تیرۆر باس و راوێژ دەکەین. بەڵام گەشەپێدانی ناوچەیی زۆر گرنگە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سپۆتنیکی روسیا، تورکیا پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵات پەرەپێداوە. لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، هاوتا تورکەکەی، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابووری سەردانی تورکیای کرد.

لەم کاتەدا ئەنقەرە خوازیاری هاوکاری بەغدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە لە تورکیا بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دادەنرێت. یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە 11ی ئاداری ئەمساڵ رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لەوبڕوایەدان لە هاوینی ئەمساڵ ئاسایشی تەواوی سنوور لەگەڵ عێراق دابین بکەن و پرسی "تیرۆر" لە بەرنامەی کاردا لابەدەن.

رۆژنامەی حوریەتی چاپی تورکیا نووسیویەتی، کە پێشبینی دەکرێت هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەرفراوان لە باکووری عێراق لە دژی چەکدارانی پەکەکە ئەنجام بدەن و لەو بارەوە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە.

سەرچاوە:  ایسنا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین