بڕیارەکانى دادگای فیدراڵیی عێراق و کاریگەریی لەسەر داهاتووى هەرێمى کوردستان
سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت
بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان مەترسییە بۆ هەرێمی کوردستان، دادگاکە وەک هەڕەشەیەک لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارەی داوە و کاریگەریی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و ئەو پێکەوە ژیانەی کە هەیە لە هەرێمەدا.
دادگەکە ماوەیەکە بەردەوامە لە دەرکردنی بڕیاری جۆراوجۆرە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و بڕیاری یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمەیش ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە. دادگەی باڵای فیدراڵیی بڕیاریدا کە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کورسیی پێکهاتەکان کە بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە نادەستوورییە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو یاسایەی ئێستا لە (1992)وە پەسەندکراوە، لە (2013) هەموارکراوەتەوە مافی بە پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان داوە، کە (11) کورسییان هەبێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە (10) حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بکات. دوای بڕیارەکەی دادگە هاووڵاتیان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی، پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگەیان بە تێکدانی پێکەوەژیان و چەوساندنەوەی ماف و نوێنەرایەتیی ئەوان وەسف کرد لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان دا. هەروەها بە بڕوای چاودێران نەمانی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان لە پەرلەمان ناهێڵێت و ئەوان ناتوانن باسی مافەکانیان یاخود داکۆکی لە مافەکانیان بکەن لە پەرلەمانی کوردستان دا.
زۆرێک لە حیزبە سیاسییە کوردییەکان ئیدانەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییان کرد و بە هەوڵێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی دادگەکەیان وەسف کرد بۆ پێشێلکردنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. لە بەیاننامەیەکدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "بڕیاری دادگەی فیدراڵیی پێچەوانەی دەستوور و مافە دەستوورییەکانی کوردستان و بنەماکانی فیدراڵییە لە عێراق".
دەبووایە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە (2022)دا ئەنجام درابووایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان تاوەکو ئێستا ئەم پرۆسەیە ئەنجام نەدراوە، دوای دانانی چەند وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواجار (10/6/2024) دیاریکراوە وەک ڕۆژی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە و هەر زوو بە جیهان گەیشت. ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین بە زووترین کات، ئێمە لە هەموو شوێنێک ئەو پشتیوانییە دەکەین و بەردەوام هانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەدەین بە شێوەیەکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف.
کەمبوونەوەی متمانە
ئەگەرچی ئۆتۆنۆمی کورد لە دەستووری فیدراڵیی عێراق کە لە (2005)دا پەسەند کراوە هاتووە، هەروەها مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور پاراستووە کە نزیکەی (6) ملیۆنن هاووڵاتین، بەڵام بەردەوام ئەو مافە لە گەلی کورد زەوت کراوە و بە گوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ کورد نەکراوە. بە بڕوای شارەزایان لەم ساڵانەی کۆتایی دا و بە تایبەت لە ئێستادا متمانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا زۆر کەمی کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هاووڵاتیان چیتر بڕوایان بە حکومەتی فیدراڵیی نەمێنێت.
دەربارەی کاریگەری بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵێی عێراق لەسەر کوردستان یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری جیهانی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتۆن گوتی، "حکومەتی عێراق دەسەڵات و دەستوور پەیڕەو ناکات و بەردەوامە لە بەکارهێنانی سیاسەتی پێشوو بەرانبەر پێشێلکردنی مافی کورد و زەوتکردنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چەندین فاکتەر هەن بۆ ڕێگە دان بە بەهێز بوونی بەغدا بۆ ئەنجامدانی ئەو کردارانە و لاوازکردن و پێبەش کردنی هەرێمی کوردستان لە مافە دەستوورییەکانی خۆی وەک ناکۆکیی ناوخۆیی لە نێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی هەرێم و لە بەغداش، هەروەها دابەشبوونی کورد و ڕای جیاوازیان بۆ پرسە چارەنوسسازەکان، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و نەبوونی هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان لایەنەکان هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی".
ئاشکرایە گرووپە شیعە جیاوازەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن کاراکتەرێکی سەرەکین لە عێراق و دەستێکی باڵایان هەیە لە حکومەتی ئێستای عێراق و بڕیارە بەردەوامەکانی. ئەگەرچی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق چەند جارێک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دادگاکە سەربەخۆیە و دەستێوەردان قبووڵ ناکات لە بڕیارەکانیدا، بەڵام ڕوونە کە شیعە دەستێکی باڵای لە ناو دادگەکەش هەیە، چونکە دادگەکە خۆی لە نۆ ئەندام پێکدێت لە کاتێکدا چوار لە دادوەرانی دادگاکە شیعەن، سیانیان سوننەن، تەنیا دوو ئەندامی کوردن ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر بڕیارەکانی دادگا.
هەر سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی کورد و بڕیاری کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت، چاودێران پێیانوایە، "هەبوونی تایەفەگەری لە عێراق، زاڵبوونی ئاشکرای گرووپە شیعە جیاوازەکان بە دڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت بۆ سەر بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و سەربەخۆیی لە بڕیاردان تەنانەت سەربەخۆیی کاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەخاتە ژێر چەندین پرسیارەوە".
یەحیا کوبەیسی، شیکەرەوەیەکی کاروباری عێراقە و دەڵێت، "بەهۆی هەژموونی ئێران و هەبوونی گرووپی جیاوازی شیعە لە عیراق، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە و لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
دابەشبوونە ناوخۆییەکانی کورد
هەرێمی کوردستان چەندین دامەزراوەی یاسایی و سیاسیی هەیە ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو دا بەدەستهێنا بوو، بەڵام لایەنەکانی تر بێبەش نین لە بوونیان لە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە و وەزارەتەکانی دا. بۆ نموونە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی بەرچاوی هەیە و بەشدارن لە پێکهێنان و بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێم دا.
سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشن لە حکومەت دا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوپەیمانی ئەواندا پێکهاتووە، بەڵام گرژی لە نێوانیان دا هەیە بە تایبەت سەبارەت بە پرسەکانی هەبوونی دەسەڵاتیان و داهاتیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەر یەکێکیان دا.
ڕوونە لایەنی سیاسی کورد لە ناوخۆی هەرێم دەستیان هەبوو لە بڕیارەکەی دادگە و بڕیارەکە دەرئەنجامی ئەو سكالایە بوو کە لە لایەن ئەوانەوە پێشکەش بە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کرابوو.
یەریڤان سەعید جەختی لەوەش کردەوە، "ئەگەر هەماهەنگیی بەردەوام و ڕێککەوتن نەبێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دوور نییە لە داهاتوودا بەردەوام ئەو تاکتیکانە ببینینەوە، ببینین کە لایەنێکی سیاسی لە دژی لایەنێکی تری سیاسی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ دادگەی باڵا و سکاڵا تۆمار بکەن لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق".
یەریڤان سەعید بەردەوام دووپاتی ئەوەی کردەوە، "پێویستە دیالۆگ و میکانیزم دۆزینەوەی چارەسەر بەرقەرار بێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە هەمیشە هەوڵی زۆری داوە و پێویستە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان دا، چونکە نەبوونی هەماهەنگی، یەکڕیزی، چارەسەرنەکردنی ئاڵۆزییەکان لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بێگومان فاکتەری بەهێزن بۆ کەمبوونەوەی کاریگەری سیاسی، یاسایی و ئابووری هەرێمی کوردستان تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی هەرێم لە کۆتایی دا".
ن: ن: سیروان کاجۆ
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment