لە ساڵی رابردوودا (44) کۆڵبەر کوژراون ئێران

نوچەنێت:

لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 44 کۆلبەر کوژراون و 400 کۆلبەری دیکەش برینداربوون. ژمارەی ئەو کۆڵبارانانەی کە لە 2023 بریندار بوون یان مردوون بە رێژەی 90% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی پێشتری.

رۆژی دووشەممە (25/ ئادار/ 2024)، ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە بە پێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، 44 کۆلبەر کوژراون و 400 کۆلبەری دیکەش برینداربوون، ئەم کۆڵبەرانە بە هۆی هۆکارگەلێکی وەک تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، تەقینەوەی مین، هەرەسی بەفر، سەرمابردوویی و کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکانەوە کوژراون و بریندار بوون

لە نێو کۆڵبەرە کوژراوەکان لانیکەم 31 کۆڵبەر بە تەقەی پاسەوانانی سنووریی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە و دوو کۆلبەریش لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە بە ئۆتۆمبێل کوژراون، کۆلبەرێکیش لەلایەن پاسەوانانی سنووری هەرێمی کوردستانەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سێ کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردوویی، دوو کۆلبەر بەهۆی خنکان لە ئاودا، دوو کەس بەهۆی وەستانی دڵ، دوو کەس لە رووداوێکدا لەسەر رێگای کۆڵبەری و کۆڵبەرێکی دیکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە، گیانیان لەدەستداوە.

لە نێو ئەو کۆڵبەرە بریندارانەدا 337 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون و دوو کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی راستەوخۆی پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان بریندار بوون.

هەروەها 14 کۆڵبەر بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، 17 کۆڵبەر بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، چوار کۆڵبەر بەهۆی بەردبارانکردن لەلایەن هێزەکانی ئێران، حەوت کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین، 10 کۆڵبەر بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە و 9 کۆڵبەریش لە رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگای کۆڵبەری بریندار بوون.

بەگوێرەی کۆڵبەرنیوز، 37 کۆڵبەر لە کوژرا و بریندارەکان، لەساڵی رابردوو، کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵن و بە منداڵ هەژمار دەکرێن.

کۆڵبەرنیوز بە ئاماژەدان بە زیاد بوونی کەسانی کەم تەمەن، گەیشتووەتە تەمەنی 13 ساڵان، نووسیویەتی "زۆرێک لە منداڵان بۆ بژێوی خێزانەکانیان روویان لە کۆڵبەری کردووە.

قوباد کەرەمپوور، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکان دەڵێت: زیاتر لە 50%ی کۆڵبەرەکان خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرن.

کەرەمپوور لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا رایگەیاند، کۆڵبەرێک کە بڕوانامەی ماستەری لە بیرکاریدا هەبووە، بەهۆی هەڵگرتنی تەلەفزیۆنێکەوە کوژراوە.

سەرچاوە:  ئێران ئینتەرناشناڵ

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین