سامانە سروشتییەکان: دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوت هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کورردستان ڕایگەیاند، لە دواى وەستانى هەناردەکردنى نەوتى کوردستان، "حکومەتی هەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە."

ئەمڕۆ سێشەممە (26-3-2024) وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە هەناردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە."

بەبۆنەى ساڵێک بەسەر ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دووپاتى دەکاتەوە، "لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە."

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان:

ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و، بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە. پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بوودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە. ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

حکومەتی هەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە. 

نەوتی هەرێم تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێک دەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین