ناوەندی ئاماری ئێران: لە ساڵی رابردوو نزیکەی (930) هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە ئێران

نوچەنێت:

داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخەن، کە لە ساڵی رابردووی خوێندندا، نزیکەی 930 هەزار منداڵ و هەرزەکار لە سەرتاسەری وڵات وازیان لە خوێندن هێناوە.

ڕۆژی چوارشەممە (27/ئادار/2024)، رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، ماڵپەڕی تەجارەت نیوز، لە راپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە داتا نوێیەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی رابردوودا، بە 929 هەزار و 798 کەس راگەیاندووە. زۆرترین ژمارەیان پەیوەندی بە ئاستی دووەمی ناوەندییەوە هەیە، کە تەمەنی 15 بۆ 17 ساڵ لەخۆدەگرێت، کە ژمارەیان 556 هەزار و 994 قوتابییە.

بە پێی راپۆرتی تەجارەت نیوز، نزیکەی 98 هەزار قوتابی کە وازیان لە خوێندن هێناوە لەم قۆناغەدا کوڕن و نزیکەی 99 هەزاریشان کچان پێکی دەهێنن.

رێکخراوی مامۆستایانی ئێران و کۆمەڵەی فەرهەنگییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندندا، لە بەیاننامەیەکدا هۆکاری زۆربوونی ژمارەی وازهێنان لە خوێندن لەم وڵاتەدا، بە فراوانبوونی کەلێنی چینایەتی، هەژاری و نادادپەروەری لە سیستەمی پەروەردەدا، دەزانن. 

هاوکات رۆژنامەی "رسالت" نزیک لە کوتلەی دەسەڵاتدار، بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر زیادبوونی زیاتر لە 17%ی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ماوەی 6 ساڵدا رایگەیاند و هۆکاری وازهێنانی منداڵان و هەرزەکارانی ئێرانیشی لە قوتابخانە وەک "بڵاوبوونەوەی هەژاری" لە وڵاتەکەدا ناوبرد.

کۆمەڵەی پشتیوانی لەو منداڵانە کە وازیان لە خوێندن هێناوە، لە چەند بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە، کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە خوێندن دەستیانهەڵگرتووە، "بەهۆی ئاستەنگە ئابوورییەکان و نائارامی کۆمەڵایەتییەوە لە زیادبووندایە".

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین