ئۆکرانیا : ئێران بە ئەنقەست فڕۆکەکەی ئێمه‌ى خستۆتە خوارەوە ئێران

نوچه‌نێت

ئولکسی دانیلۆف، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا دەڵێت، بە ئەنقەست تەقە لە فڕۆکەی گەشتی ژمارە ٧٥٢ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا کراوە.

ڕۆژی هەینی ١٦ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ زەمانە" بڵاوی کردەوە، ئولکسی دانیلۆف، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکرانیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ئێران، بە "ئەنقەست" و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە درێژبوونەوە و بەردەوامبوونی گرژییەکانی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان خستووەتە خوارەوە.

لەو کۆنفڕانسەدا کە لە نووسینگەی ئەنجوومەنی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا کە ڕۆڵی چاودێریکردنی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ئۆکرانیا سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە ئەستۆیە، بەڕێوەچووە، ئولکسی ڕایگەیاند بەرپرسانی ئێران خۆیان دەبوێرن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەربارەی ئەو دۆسیە و وتی،  " وێرای ڕێزم، بەڵام زۆر سەیرە حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن. حکومەتی ئێران دەڵێت ئەو ڕووداوە لەبەر کێشەیەک بووە بەڵام ئەو پاساوە شیاوی قەبووڵکردن نییە و خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە بە ئەنقەست بووە".

بە وتەی دانیلۆف، تەقە کردن لەو فڕۆکەیە ڕووداوێکی بە تەواوەتی ئەنقەستی بووە. دانیلۆف لە درێژەدا دەربارەی وردەکاری دیدارەکەی لەگەڵ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی وتی: "کاتێ لە تاران لەگەڵ شەمخانی قسەم دەکرد، ڕاستەوخۆ پرسیارم لێکرد بۆچی ئەو کارەتان کرد. ئەویش وەڵامێکی زۆر ڕاستگۆیانەی دامەوە و وتی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە هیچ سوودێکی بۆ ئەوان نەبووە، بەڵام وتی ئێران وڵاتێکە کە چەندین گرووپی جیاواز دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە".

٨ی شوباتی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی گەشتی بۆینگ ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا بە ١٦٧ مسافر و ٩ کارمەندەوە، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و ماوەیەکی کۆرت دوای فڕینی ئەو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی تاران، لانیکەم بە دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری هێزەکانی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە.

دوای نزیکەی  ساڵێك و نیو لەو ڕووداوە، بەرپرسانی ئێران نەک هەر تۆمەتباران و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەیان ڕادەستی دادگا نەکردووە، بەڵکو ڕێگرییان کردووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بێ لایەن و سەربەخۆکان لە لایەن گرووپە بێ لایەنەکانی ئەو وڵاتانەوە کە هاوڵاتیانیان لەو فڕۆکەیەدا گیانیان لە دەست دا.

دوایین قسەکانی ئولکسی دانیلۆف، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە و یوهن ینین، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە هەڵوێستی ئەنجومەنی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانیی، هەڵوێستی حکومەتی ئۆکرانیا سەبارەت بە دۆسیەی فڕۆکە ئۆکرانییەکەیە.

ینین داوای لە حکومەتی ئێران کرد ناوی ئەو کەسانەی کە ڕایگەیاندووە سەبارەت بەو دۆسیە دەستبەسه‌ری کردوون بۆ ڕای گشتیی بڵاو بکاتەوە.

ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو لە دادگا سکاڵای لە دژی ١٠ کەس لە بەرپرسان تۆمار کردووە کە بەوە تۆمەتبارن دەستیان هەبووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکەدا.

ئینس کالامار، ڕاپۆرتێری تایبەتی پێشووی نووسینەگی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوای تاوتوێکردنی هۆکارەکان و لایەنە جیاوازەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە کە تاران سەبارەت بەو ڕووداوە درۆ دەکات.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین