چەکی وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئایا مۆسکۆ مافی ئەوەی هەیە لە ڕووی سەربازییەوە پەرە بە توانای خۆی بدات؟ کوشندەترین چەکەکانی ڕووس لە کوێ جێگیر دەکرێن؟


ڕۆژی هەینی ١٦ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک" بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتێکی (یولاندز- پستن)ی دانیمارک بڵاوی کردەوە، سوپای ڕووسیا ئامادەی تاقیکردنەوەی ئەژدەری ئەتۆمییە. ئەو چەکە دەتوانێ لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی شەپۆلی ڕادیۆ ئەکتیو گەورە شارەکانی وڵاتانی دوژمن نوقم بکات، بە جۆرێک کە بۆ ماوەی چەندین دەیە مرۆڤ نەتوانێ تیایاندا بژێت. 
ئەژدەری ئەتۆمی ژێردەریایی پوزئیدۆن 2m39 یە کە مەودای ١٠ هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت و ڕەنگە بگاتە کەنارەکانی ئەمریکا. 
بە پێی ڕاپۆرتی تایمز، بڕیارە ٣٠ مووشەکی ئەژدەر لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٢دا لە بنکە دەریاییەکانی باکووری ڕووسیا جێگیر ببن. هەروەها ڤێلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا تا ئەو کاتە جۆرێکی تری چەکی "ڕۆژی مەحشەر" تاقی دەکاتەوە. پوتین ساڵی ٢٠١٨ سەبارەت بەو چەکە قسەی کرد و شێوازی هێرشی ئەتۆمی ڕووسیا بۆ سەر ئەمریکای پیشانی کۆمەڵگەی ڕووسیا و جیهان دا. 
ئەو وێنانەی لە ڕێگای سەتەلایتەکانی کۆمپانیای تەکنه‌لۆژیای بۆشایی ئاسمان Maxar هەڵگیراون و کەوتوونەتە دەستی ئاژانسی هەواڵی CNN، نیشاندەری ئەوەن کە ڕووسیا بنکەکانی جەمسەری باکوور کە لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ماونەتەوە، نوێ دەکاتەوە و پەرەیان پێ دەدات. بۆ نموونە بنکەیەکی لەو جۆرە لە مەودایەکی نزیک لە مورمانسک لە نیمچە دورگەی کولا لە نزیک سنووری نەرویج هەڵکەوتووە. لەوێدا مووشەکی کروزی سەرووی دەنگی زیرکونی دژە پاپۆری شەڕکەر جێگیر دەکرێت. لە کاتێکدا ڕووسیا مافی ئەوەی هەیە لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکانی باکووری وڵاتەکەی پەرە بە توانای خۆی بدات، چوار وڵاتی تر بە نیگەرانییەوە سەیری ئەو هەوڵانە دەکەن. جۆن کربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕووی ئاسایشی وڵاتەوە بەرژەوەندی تایبەتی لەو ناوچەیەدا هەیە، بەڵام هیچ کەس لە ڕەوتی بەسەربازیکردن و میلیتاریزەکردنی جەمسەری باکوور سوود نابینێت. 
هەروەها وتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین. جەمسەری باکوور بۆ بەرگریکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرنگی تایبەتی هەیە".

شۆڕشی سەرووی دەنگ


هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین و ڕووسیا سەرمایەگوزاری بەرچاویان لە بەرهەمهێنانی چەکە سەرووی دەنگەکان هەیە. 
لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨دا، ڕووسیا مووشەکی سەرووی دەنگی ئاوانگارد (Avangard)ی تاقی کردەوە کە بەپێچەوانەی مووشەکە بالستیکە کۆنەکان، دەتوانێ ئاراستەی فڕین بگۆڕێ. لە دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩دا، بە پێی ڕاپۆرتی CNN، ڕووسیا ڕایگەیاند دوو مووشەکی نێوان کیشوەریی UR-100Nی بە کڵاوەی نوێ تەیار کردووە. 
لە ساڵی ٢٠١٤، چین یەکەمین مووشەکی سەرووی دەنگی خۆی، واتە مووشەکی DF-ZFی تاقی کردووەتەوە. ئەو مووشەکە، هاوشیوەی Avangard، زۆر خێرایە و مەودایەکی زۆر کەم لە زەوییەوە دەفڕێ، کەوابوو شوێنگرتن و خستنەخوارەوەی ئێجگار سەختە. 
لە ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠دا، سوپای سوریا ڕایگەیاند مووشەکی زیرکونی بە خێرایی هەشت هێندەی مووشەکی سەرووی دەنگ سەرکەوتووانە تاقی کردووەتەوە. 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر درەنگ دەستی کرد بە دروستکردنی چەکە نوێکان، بەڵام لە درێژخایەندا، بە نیازە مووشەکێک بیست هێندە خێراتر لە مووشەکی سەرووی دەنگ دروست بکات کە لە کاتژمێرێکدا ٢٤٠٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێت. ئەو مووشەکە دوای هاوێشتنی لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا دەگاتە مۆسکۆ و لە ماوەی نیو کاتژمێردا دەتوانێ پەکین بکاتە ئامانج. 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ئێستا لە ڕووی سیستەمە جیاوازەکانی چەکوچۆڵ و ئەو چەکانەی خێراییان زیاترە باڵا دەستە، بەڵام لێرەشدا هەندێ کێشە لە ئارادان. چەند ڕۆژ پێش ئێستا، تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێی بۆمبهاوێژی B-52H Stratofordtress سەرکەوتوو نەبوو. هێزی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەو مووشەکە لە کاتی تاقیکردنەوەدا لە گیری کرد و بە فڕۆکە گەڕێندرایەوە بۆ بنکەی AFB ئیدواردز لە کالیفۆرنیا. 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵەکانی زیاتر لەسەر مووشەکە ئاساییەکان چڕکردووەتەوە کە دەتوانن لە زەویی، کەشتی و فڕۆکەوە بهاوێژرێن. لە چەند ساڵی داهاتوودا مووشەکەکانی AGM-183A ئامادە دەکرێن. ئەو مووشەکانە ئەوەندە خێرا دەبن کە سیستەمەکانی بەرگری دژە مووشەکی توانای شوێنگیری و پووچەڵکردنەوەیانیان نابێت و دەگەنە بەندەرەکان و بنکە ئاسمانییەکان و دامەزراوە سەربازییەکان. 
چەکە سەرووی دەنگەکان هێشتا لە شەڕدا کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە، بەڵام توماس مودلی، وەزیری پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا بە CNNی وت لە داهاتوودا ئەو چەکانە بە ڕادەیەک کە چەکە ئەتۆمییەکان لە سەدەی ڕابردوودا شێوازی شەڕکردنیان گۆڕیوە، شێوازی شەڕ دەگۆڕن. مودلی لەو بڕوایەدایە چەکە سەرووی دەنگەکان دەتوانن دۆخی ئاسایشی جیهان ناسەقامگیر بکەن و هەڕەشە بن بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین