ئەمریکا لەبارەی تۆڵەکردنەوە هۆشداری دایە ئێران ئێران

نوچەنێت:

ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران، کە بەهۆی هێرشی سەر نوێنەرایەتییەکی لە سووریا لە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە، هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام نەدات.

رۆژی چوارشەممە (سێى نیسان/2024)، یۆرۆنیوز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، رۆبێرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش راگەیاندووە: ئێمە لە بەرگریکردن لە کارمەندەکانمان درێغی ناکەین و هۆشدارییەکانی پێشوومان بۆ ئێران و بریکارەکانی دووپات دەکەینەوە، لەو دۆخە، کە بەهۆی ئەو هێرشەی کە نە پێشتر ئاگامان لێی بووە و بەشداریمان کردووە، بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانتان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کەڵکی لێوەرنەگرن.

رۆژی دووشەممە، لە هێرشێکدا کە بە هێرشی ئیسرائیل ناودەبرێت، بۆ سەر باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، بیناکە داڕما و لانیکەم حەوت ئەندامی سوپای پاسداران کوژران، کە لە نێویاندا محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەی لقی سوریا و لوبنانی هێزی قودس، و محەمەد هادی حاجی رەحیمی، جێگرەکەی کوژران.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری چوار بەرپرسی ئیسرائیلی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی کردەوە، کە ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەوەیە، بەڵام سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، ئەوەی کە بیناکە پێگەی دیپلۆماسی هەبێت رەتیدەکەنەوە.

لە کۆبوونەوەی شەوی سێشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، ئێران ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە شوێنە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکان تۆمەتبار کرد و بە 15 ئەندامی ئەم ئەنجومەنەی راگەیاند، کە مافی خۆیەتی "وەڵامێکی یەکلاکەرەوە" بۆ ئەم هێرشە بداتەوە.

زەهرا ئیرشادی، جێگری باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بۆ ناسەقامگیرکردنی سووریا و ناوچەکە و پشتیوانی لە ئیسرائیل لە شەڕ لەگەڵ حەماس، دەڵێت: "ئەمریکا بەرپرسیارە لە هەموو تاوانەکانی ئیسرائیل".

ئیرشادی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، هێرش بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئێران لە دیمەشق شەرمەزار بکات. لە بەرامبەردا رۆبێرت وود دەڵێت، کە واشنتۆن هێشتا ناتوانێت دۆخی بینای بە ئامانجکراو لە دیمەشق، وەک "ناوەندێکی دیپلۆماسی" پشتڕاست بکاتەوە.

وود ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەر هێرشێکی پشتڕاستکراوە بۆ سەر دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی بۆ ئەمریکا جێگەی نیگەرانی دەبێت. "نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و سەروەت و سامانەکانیان و هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی دیپلۆماسی فەرمی، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی چەکداریدا بپارێزرێن".

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین