ئەمریکا خۆی بۆ هێرشی تۆڵە سەندنەوەی ئێران ئامادە دەکات ئێران

نوچەنێت:

راپۆرتەکان لە ئەمریکاوە دەرخەری ئەوەن، کە واشنتۆن خۆی بۆ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، یان ئامانجەکانی پەیوەست بە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکات.

ڕۆژی شەممە (حەوتى نیسان/ 2024)، بی بی سی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن و دواتریش ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی ئەمریکا رایانگەیاند، واشنتۆن دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا و پێشبینی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران "لە ئامادەباشی تەواو" دایە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، واشنتۆن لە ئامادەباشییەکی زۆر ئاست بەرزدایە و "چالاکانە" خۆی بۆ هێرشێکی "بەرچاو"ی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی هەفتەی داهاتوو یان زیاتر ئامادە دەکات.

رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە هێرشێکی ئاسمانیدا کرایە ئامانج و حەوت ئەندامی باڵای سوپای پاسداران، لەوانە فەریق محەممەد رەزا زاهیدی و جێگرەکەی فەریق محەمەد هادی حاجی رەحیمی کوژران.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چوار بەرپرسی ئیسرائیلییەوە رایگەیاند، ئەم وڵاتە بەرپرسیارە لە هێرشەکەی دیمەشق، هەرچەندە وەک هەمیشە بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ نەگرتووە.

هەرچەند هێشتا هیچ نیشانەیەکی روون نییە بۆ هەنگاوی سەربازیی راستەوخۆی ئێران لە دژی ئیسرائیل، بەڵام ئەگەری هەڕەشە لە ئیسرائیل بە جددی وەرگیراوە و ئێستا وا دیارە ئەمریکاش خۆی بۆ ئەم هێرشە ئامادە دەکات.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی جۆ بایدن بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: تیمەکانی هەردوو وڵات بەردەوام لە پەیوەندیدان، ئەمریکاش بە تەواوی پشتیوانی بەرگری ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران.

بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ئەمریکا پێیوایە، ئەگەری هێرشی ئێران "حەتمییە" و دژی ئامانجەکانی ئیسرائیل یان ئامانجەکانی پەیوەست بە ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبێت. 

رۆژنامەی "جروزالم پست"ی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان لە ئامادەباشییەکی بەرزدان لە بەرامبەر ئەگەری هەڕەشەیەک بۆ سەر دیپلۆماتکارەکانی.

دوێنێ ئیسرائیل سیستەمی "جی پی ئێس"ی لە بەشێکی زۆری ئەم وڵاتە راگرت، بە مەبەستی پەکخستنی جوڵەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوان.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین